کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسم سلێمانی: "دانوستان لەگەڵ ئامریکادا، تەسلیمبوونە لەهەمبەر دوژمندا"

17:31 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، باسی لەوە کردووە، کە "دانوستان لەگەڵ ئامریکادا، تەسلیمبوونە لە هەمبەر دوژمندا و ئێمە بەدڵنیاییەوە ئەم سەرشۆڕییە قەبووڵ ناکەین".

قاسم سلێمانی، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بانەمەڕ، لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی پولیسی ڕێژیمی ئێراندا، تۆمەتی لە ئامریکا دا، کە دەیەوێت بە گوشارە ئابوورییەکان، ڕێژیم بهێنێتە سەر میزی دانوستان و وتی: کە وەها دانوستانێک بە واتای تەسلیمبوونە. 

ڕەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئامریکادا لە لایەن قاسم سلێمانییەوە لە حاڵێکدایە، کە "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەم دواییانەدا لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی ئامریکادا وتبووی، کە ئێران کێشەیەکی لەگەڵ دانوستان نەبووە، بەڵام بە وتەی زەریف، توندڕەوەکان لە دەوڵەتی ئێستای ئامریکادا، ڕێگای وتووێژیان بەستووە.

سلێمانی لە حاڵێکدا دانوستان لە بەرانبەر ئامریکادا بە تەسلیمبوون دەزانێت، کە ماوەیەک پێش، وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندبوو، کە قاسم سلێمانی تێرۆریستە.