کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسم سلێمانی لە مەترسیدارترین کەسەکانی جیهانە

12:46 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی نیشتمانیی ئامریکا، باسی لە مەترسیداربوونی سپای تێرۆریست و لقی قودس کردووە و قاسم سلێمانیی بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەسەکانی دنیا ناو بردووە.

رۆژی چوارشەممە، ٢١ی خاکەلێوە، "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی نیشتمانیی ئامریکا، لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا، "قاسم سلێمانیـ"ـی بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەسەکانی دنیا ناو بردووە و وتوویەتی: نابێت سپای تێرۆریستی پاسداران و لقی قودس بە کەم بزانین.

هەروەها ناوبراو، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: سپای تێرۆریستی پاسداران و بەتایبەت لقی قودس کە قاسم سلێمانی فەرماندەیەتی، سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوە و کاولکاری لە عێراق و سووریەیە و بەم پێیە بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بڕیارێکی بەجێیە.

بۆڵتۆن وتوویەتی: سپای پاسداران لەمێژەوە وەکوو پشتیوانی لە تێرۆریزم ناسێندرابوو، بەڵام دوای بەفەرمیبوونی، هەر کەسێک لەگەڵ خودی ئەم ڕێکخراوە یان ژێرکۆگەکانی مامەڵە بکات، بە ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانی دەکرێت.

ناوبراو، لە درێژەدا وتوویەتی: ئەو بڕیارەی دانڵد ترامپ، "زۆر گرینگە" و ئەمە پەیامێکە بۆ هاوپەیمانانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کە هەرکەس بیر لە بازرگانیکردن لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران دەکاتەوە، دەبێت بیر لە ٢٠ ساڵ زیندانەکەشی بکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خاکەلێوە، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، "مایک پۆمپئۆ" لە وتووێژێکدا، لە گەڵ فاکس نیووز، قاسم سلێمانیی بە تێرۆریست ناساند و هەروەها وتوویەتی: لە نێوان "قاسم سلێمانی" و "ئەبووبەکر بەغدادیـ"ـدا هیچ جیاوازییەک نییە.