کوردستان میدیا: بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور "قاسملوو" و هاوڕێیانی، تێکۆشەرانی دێموکرات لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرورکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەسەر مێزی وتووێژدا، بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی جۆراجۆر، تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکەن.
لە شاری شنۆ، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا، ڕۆڵەکانی دێموکرات شەوی سێشەممە، ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕ، لە شوێنەکانی وەک: "چوارڕای کارگەر (ناوەندی شار)، مام تەمر، سەیداوا، میرئاباد، شەهرەکی فەرهەنگیان، شوێنی سیاحەتیی قەڵاتۆک، قوتابخانەکانی شەرەف و ۱٥ی خورداد، بیمارستانی ئیمام و بیمارستانی تازه، پردی بازاڕ و پارکی ساحلی"، وێنە و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.
هاوکات قارەمانانی دێموکرات لە شاری مەهاباد و لە ناوچەی شاروێران، به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر، ئاڵای کوردستان شەکاوەتەوە.
هاوکات لە گوندەکانی سەر بە دەشتی شاروێران وەک: "قوتابخانەی شەقایقی گاپیس، دێهیاریی خوڕخوڕە، تاڵاوی کانی بەرازان، تابلۆکانی هاتوچۆ و دێهیاری، قوتابخانەی ڕەئووف لە کۆنەدێی شاروێران، قجی ئاوا، گوندی قەرە قشڵاق و گردی یاقووب و چەندین شوێنی دیکەی شاروێران، ئاڵای کوردستان و تراکت و وێنەی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.