کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە

12:39 - 19 پووشپەڕ 2722

ئاویەر

لە پاش تێرۆری شەهیدی نەمر د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش، کۆماری ئیسلامی هەر ساڵ لە بەرەبەری مانگی پووشپەڕدا پتر لە وەرزەکانی دیکەی ساڵ دەست دەکات بە میلیتاریزەکردنی کوردستان و گرتن و قەڵاچۆکردنی لاوانی پڕ لە هەست و نیشتمانپەرەوەر؛ دیارە کۆماری ئیسلامی هەر کات بۆی لوابێت و بۆی بلوێ بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە هێرشی کردۆتە سەر کوردستان و لە هیچ چەشنە جینایەتێک دەرحەق بەم نەتەوە ستەملێکراو و ماف‌پێشێلکراوە خۆی نەپاراستووە، بەڵام لە مانگی پووشپەڕی هەموو ساڵێکدا و لە پاش تێرۆرکردنی ڕێبەری شەهید د. قاسملووی زانا گرتنی لاوان لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی چەندقات بەرز دەبێتەوە؛ ئەمەش بەپێی ئەزموونی چەندساڵەی ڕابردوو پرسێکی حاشالێنەکراوە. بەڵام بۆچی؟ بە دیوێکی تریدا کۆماری ئیسلامی بۆ لەم هەیڤەدا وەها هیستریایییانە پەلاماری لاوان و خەلكی کوردستان دەدات و دەیهەوێ چ پەیامێک بگەیەنێت؟

لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی ئامانجی لەو گرتن و بڕینە لەو مانگەدا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری بنەڕەتی؛ یەکەمیان بریتییە لە خۆشەویستی بێسنووری بیروهزری د.قاسملوو لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە و دووهەمیان بریتییە لە شکستی ڕێژیم لە پیلانی شەهیدکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی.

 کۆماری ئیسلامی پێی وایە بە کوشتن و گرتن و بڕینی لاوان دەتوانێ خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکا و پاشگەزیان بکاتەوە لە هزر و بیر ڕێبازی قاسملوو،  سیاسەتێک کە نەتەنیا تێیدا سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو به پێچەوانەوە هەر ساڵە پتر لە ساڵانی ڕابردوو تووشی ڕیسوایی و شکست هاتووە.

 بە پێچەوانەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی بیری لێ دەکاتەوە ئەمڕۆ بیر و هزری قاسملووی مامۆستا بووەتە هەوێن و چرای ڕووناکیدەری ڕێگای ڕزگاری و ئازادی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. قاسملوو خۆشەویستی بەرەی دوێنێ و نوێ و داهاتوویە لە کوردستان،  هەر ئەوەیە کە ترسی خستۆتە دڵی دوژمنانی ئەو نەتەوەیە و هەموو ساڵێک لەو مانگەدا دەست دەدەنە گرتن و بڕینی بەلێشاو و بێئەژماری ئەو نەتەوە ستەملێکراوە.

لەپاش بەئەنجامگەیاندنی پیلانگێڕی ٢٢ی پووشپەری ساڵی ٦٨ و تێرۆرکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی ڕێژیم پێی وابوو کە بە ئامانجەکانی گەیشتووە و ئیتر سەری شۆڕش لێ دراوە و تازە چیدیکە هیچ کەسێک ناتوانێ و ناوێرێ دەنگی مافخوازی هەڵێنێتەوە بەڵام وەک دەبینین خەڵکی دەروەست لە کوردستان نەک ساڵانە بەڵکوو ڕۆژانە و لە چرکە بە چرکەی ژیانیان پەیمانی وەفاداری بە رێبازی قاسملووی مەزن دووپاتە و چەندپاتە دەکەنەوە کە ئەم پرسە لە ناخی خۆیدا نیشانەی شکستی ڕێژیم لە پیلانگێڕییەکەیەتی.

 ئێستا لە بەرەبەری  ٣٣ ساڵەی تێرۆری ئەو ڕێبەرە مەزنە دەبینین کە هزری قاسملوو بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان، هەر بۆیە وەکوو مۆتەکە بەر بووەتە گیانیان و خەوی لێ تاڵ کردوون و بە پێچەوانەشەوە بووەتە چرای ڕێگای ڕزگاری بۆ هەموو ئەو کەسانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدا؛ حکومەتی تێرۆریستی و دژەگەلی کۆماری ئیسلامی پێی وابوو بە شەهیدبوونی قاسملوو  ئەندێشە و هزری قاسملووش کۆتایی پێ دێت بەڵام ئەمڕۆ بیر و هزری قاسملوو نەتەنیا زیندووە بەڵکوو کۆشکی تێرۆریستانی تارانی لە کوردستان وەلەرزە خستووە، ئەمڕۆ نەوەی نوێ شێلگیرانەتر و بوێرانەتر به شوێن ئاوات و ئامانجەکانی قاسملوو کەوتووە و هەتا بەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەو ڕێبەره مەزنە بۆ تاکە ساتێکیش هەدا نادا و ناسرەوێ. هەربۆیە بەدڵنیایەوە دەتوانین بڵێین گرتن و بڕین نەتەنیا لاوی کورد لە ئامانجەکان و ڕێبازی قاسملوو پاشگەز ناکاتەوە بەڵکوو ڕق ئەستوورتریان دەکا، ڕقێکی پیرۆز کە بەگژ جەلاد و داگیرکەردا دەچێتەوە و هەتا دەستەبەربوونی مافەکانی لە هیچ چەشنە فیداکارییەک خۆ نابوێرێ و هەدادانی نییە؛ کەواتە با دژمن و نەیاریش باش بزانێ قاسملوو لە ڕێگا و ڕێبازیدا زیندووە.