کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قامکی دەستی سێ‌ کچە قوتابیی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ بڕدرایەوە

16:34 - 27 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٤٠ رۆژ لە ئاگرگرتنی پۆلی چواری سەرەتایی قوتابخانەی شیناوێ‌، دۆخی جەستەیی ١٠ قوتابیی ئەو رووداوە جێگیر نییە و لەو پێوەندییەدا قامکی دەستی سێ‌ کچە قوتابیی بە هۆی سووتانی زۆر، بڕدراوەتە.
لەحاڵی حازردا ٦ قوتابیی قوتابخانەی شیناوێ‌ لە نەخوشخانەی سووتانی ئیسفەهان، یەک کەس لە نەخۆشخانەی سینای تەورێز و ٣‌ی دیکەش لە نەخۆشخانەی شاری مەشهەد دان.
رێژەی سووتانی ئەو ١٠ قوتابییە بە رادەیەکە کە پزیشکەکان بە ناچاری قامکی سێ‌ قوتابیی کچی ئەو رووداوەیان بڕیوەتەوە.
هەرچەندە رەسووڵ خزری نوێنەری مەجلیسی رێژیم بە بەردەوامی لە راگەیەنەکان دۆخی قوتابییانی بە باش وەسف کردووە، بەڵام بڕینەوەی قامکی ئەو قوتابییانە باس لە ناجێگیر بوونی تەندروستیان دەکات.
هەر لەو پێوەندییەدا فەریدوون عابدینی بەرپرسی نەخۆشخانەی ئیسفەهان بە هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێرانی راگەیاندبوو، دوو کەس لەو قوتابییانە تووشی هەوکردن (عفونەت)ی دڵ و گورچیلە بوون و تەندروستییان باش نییە.
ئەو پزیشکە ئاشکراشی کردبوو، ئەو قوتابییانە لە ماوەی راگرتنیاندا لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، لە رێگای نەریتییەوە کەڵک وەرگیراوە و هەر بۆیەش ئێستا تووشی ئەو حاڵەتانە بوون.
عابدینی وتیشی: بۆ تیمار کردنی ئەو سووتاوانە کەڵک لە بتادین و پۆماد وەرگیراوە و ئەوەش بە پێی زانستی نوێ‌ ئەمڕۆی پزیشکی بۆ سووتانێکی بە پلەی زۆر، گۆنجاو نییە.
فەریدوون عابدینی لەو باوەڕە دایە، پێویست بوو سەرەتا ئەو قوتابییانە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێ‌ و لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا جەستەیان لە پێستی سووتاو خاوێن کرابایەوە و پانسمانی نانو کریستاڵیان بۆ کرابا و ئەگەر ئەو کارانە ئەنجام درابا بە زووترین کات تەندروستییان بەرەو باشتر بوون دەروێشت.
سەرلە بەیانی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١‌ی هەتاوی بەهۆی ئاگرگرتنی کوورەی نەوتی پۆلی چواری سەرەتایی قوتابخانەی ئاوایی شیناوێ لەشاری پیرانشار، ٣٧ کچە قوتابی بوون به قوربانی.
لەو کاتەوە هەتا ئێستا دوو قوتابی بەناوەکانی سەیران یەگانە و سارینا رەسووڵ‌زادە گیانیان لە دەست داوە و تەندروستیی بەشێک لە قوتابییەکانیش جێگای رەزامەندیی پزیشکەکان نییە.