کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قامکی یەکێک لە قوربانییانی قوتابخانەی \"شیناوێ\"یان بڕیەوە

19:37 - 26 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەرپرسی نەخۆشخانەی سووتانی ئیسفەهان رایگەیاندووە، قامکی یەکێک لە قوتابییانی رووداوی شیناوێ بەهۆی توندیی سووتانەکەی بڕیوەتەوە.
ماڵپەڕی خەبەر ئانلاین بڵاوی کردەوە، فەرەیدون عابیدینی سەبارەت بە دوایین بارودۆخی قوتابییانی شیناوێ لە نەخۆشخانەی ئیسفەهان رایگەیاندووە هەتا ئێستا ٢ قوتابیی ئەم کارەساتە بە تەواوەتی چاک بوونەتەوە.
ئەمە لە حاڵیک دایە کە ژمارەیەک لە لێپرسراوانی رێژیمی ئێران بەڵێنیی ناردنی ژمارەیەک لەم قوتابییانە کە بارودۆخی تەندروستییان خراب بوو، بۆ دەرەوەی وڵات دابوو، بەڵام بە وتەی نوێنەری پیرانشار لە مەجلیسی رێژیم، ئەم بەڵێنییە نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە و لەم دواییانەدا رایانگەیاندبوو کە ئەو بڕیارە هەڵوەشاوەتەوە.
مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ ٣٧ کچە قوتابیی قۆناغی سەرەتایی بە هۆی ئاگر کەوتنەوەی سۆبەی پۆلەکەیان لە قوتابخانەی گوندی شیناوێ سووتان و دوو کەس لەو قوتابییانە گیانیان لەدەست دا.
رێکەوتی ٩‌ی بەفرانباری ٦ قوتابیی کچی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ‌ بەهۆی خراپیی باری تەندروستیان رەوانەی شاری ئیسفەهان کران و هەروەها سێ‌ کەسی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز دان.

دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی گوندی شیناوێ، هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی فەرمیی رێژیمی ئێران ئامادەی وڵام دانەوە بە قوربانییان و بنەماڵەکانیان نییە.


پێشتریش رێکەوتی ٢٤ی بەرفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی لە گوندی خامسانی ناوچەی کامیاران، کچە قوتابییەکی قۆناغی ناوەندی بەناوی ئازیتا مورادی بەهۆی تەقینەوەی کوورەی نەوتی بریندار بوو.