کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاچاخی "سمۆرە" هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەر ئەو گیاندارە دروست کردووە

13:05 - 29 پووشپەڕ 2722

قاچاخی "سمۆرە" لە پارێزگاکانی "ئیلام، سنە، کرماشان، کۆهکیلوویە و بۆیر ئەحمەد" لەلایەن ڕاوچی و قاچاخچییانی ئەو ناوچانەوە زیادی کردووە و بوونی ئەو گیاندارەی لەو ناوچەیە لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

لەو ساڵانەی کۆتاییدا ئاگرتێبەردانی دارستانەکان لەو ناوچانە یەکێک لە کێشەکان بۆ سەر ئەو گیاندارە بووە.

بە دوای  قاچاخی مادەی سڕکەر، چەک و مرۆڤ، کڕین و فرۆشتنی سمۆرە زیاترین پارەی لێ قازانج دەکرێت.

لە ئێستادا هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر "سمۆرە" لە دارستانەکانی زاگرۆس هەیە و ژینگەپارێزان هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ژیانی ئەو گیاندارە لەژێر مەترسیدایە.

لە یاسای تایبەت بە ڕاگرتن و پەروەردەی ئاژەڵان لە ڕێکخراوی بەناو پاراستنی ژینگەی ڕێژیم، ئاماژە بە ڕاگرتن و پێشگرتن لە لەنێوچوونی ئاژەڵەکانی وەکوو ئاسکە کێوی، مێشهەنگوین و تەنانەت دووپشک کراوە، بەڵام هیچ یاسایەک بۆ پارێزگاری لە "سمۆرە" لەبەرچاو نەگیراوە.  

سمۆرە گیاندارێکە کە کاریگەریی گرینگی لەسەر پەرەسەندنی دارستانەکان و بە شێوەیەک لە شێوەکان پارێزوانی لە دارستان هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قاچاخ و لەبەچاونەگرتنی یاسای تایبەت، ژیانی ئەو گیاندارە لەگەڵ مەترسیی لەنێوچوون بەرەوڕوو بووەتەوە.