کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"قاڵیباف" وتوویەتی، ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی تەواوکەری بازنەی سیخوڕیی وڵاتە دژبەرەکانمانە بۆ سەر ئێمە

18:24 - 15 پووشپەڕ 2720

سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئیزن نادەین ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی وێڕای وڵاتانی دژبەرمان، بازنەی سیخوڕیمان بخەنە سەر و کارەکانی ئەو ئاژانسە تەواوکەری ئەو بازنە سیخوڕیانەیە بۆ سەر ئێمە.

"محەممەد باقر قاڵیباف"، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی: "ئێمە لە بەرامبەر زێدەخوازیی شورای بڕیاردەر و ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکیدا ڕاوەستاوین و ئیزن نادەین ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی وێڕای وڵاتە دوژمن و دژبەرەکانمان بازنە سیخوڕی بۆ سەرمان ساز بکەن".

"قاڵیباف" باسی لەوە کردووە، خەڵکی ئێران هەموو کاتێک ئامادەن نرخی ئینقلابی ئیسلامی بدەن و لە دژوارترین دۆخی ئابووریدا خۆڕاگر بن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێمە هیچ کات ئیزن نادات ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی دەستی ئاوەڵا بێت و هەر کارێک خۆی پێی خۆش بێت بیکات".

ئەم قسانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نیشاندەری دوژمنایەتیی ئەوان لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانە.