کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانە و ئیدارەکانی چەندین شاری ئێران بەبۆنەی دەفن کردنی قاسم سلێمانی داخران

12:27 - 15 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای کوژرانی قاسم سلێمانی لە بەغدا، ڕێژیمی ئێران بۆ پێشوازی و بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەفن کردنی کەلاکی ''قاسم سلێمانی''، قوتابخانە و ئیدارەی چەندین شاری داخراو ڕاگەیاند هەتا بە بەشداری پێکردنی خەڵک و قوتابییان، مەراسمی دەفنی ''قاسم سلێمانی'' گەورە نیشان بدات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەگەڵ هێنانەوی کەلاکی قاسم سلێمانی بۆ ئێران، ڕێژیمی ئیران لە چەندین پارێزگا، قوتابخانە و زانکۆکانی داخستووە و بەم شێوەیە دەیهەوێت بە بەشداری پێکردنی قوتابییان و خوێندکاران، ڕێوڕەسمی دەفن کردنی پاسدار قاسم سلێمانی گەورە نیشان بدات و بە خەڵک و جیهان نیشان بدات کە ناوبراو خۆشەویستی خەڵکە.

''غولام ڕەزا شەریعەتی''، پارێزگاری خووزستان وتوویەتی، بەبۆنەی دەفن کردنی قاسم سلێمانی، ئیدارەکان، قوتابخانەکان و زانکۆکانی چەندین شاری ئەو پارێزگایە دادەخرێن.

ناوبراو داوای لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کردووە کە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکارییەکانی کۆتایی کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوە بچێت، ئاسانکاریی پێویست ڕەچاو بکرێت.

بەپێی سەرچاوەکان، بڕیارە لە شارەکانی کرمان، تاران و مەشهەد، ڕێوڕەسم بۆ ئەم فەرماندە تێرۆریستییە بەڕێوە بچێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا پێشتریش ''عەلی خامنەیی''، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، دوای کوژرانی قاسم سلێمانی لەلایەن ئامریکاوە، سێ ڕۆژ ماتەمێنیی گشتیی لە ئێران ڕاگەیاندبوو.