کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی خووزستان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە

11:18 - 18 رێبەندان 2719

زۆربەی قوتابخانەکانی پارێزگای خووزستان بەرەو لەنێوچوون و داڕمان دەڕوات و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

"عەلی قوربانی"، بەرپرسی گشتیی نۆژەنکردنەوە، پەرەپێدان و دابینکردنی قوتابخانەکانی پارێزگای خووزستان، وتوویەتی: "هزار و ٣٠٠ پۆلی خوێندن لە پارێزگای خووزستاندا بوونی هەیە کە نزیکەی ٨٠ پۆلیان بەرەو داڕمان و لەنێوچوون دەڕوات و مەترسیدارە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، ژمارەیەک لەو قوتابخانانە بە بەرد چاک کراون و مەترسیدارن و لە گوندەکان و ناوچە دوورەدەستەکاندان.

"قوربانی"، لە پاساوهێنانەوە بۆ بێکیفایەتیی ڕێژیم بەرانبەر بەو حاڵەتە وتوویەتی، ئەو ناوچانە هەم جەخت و تەلانن و هەم کێشەی ئاو و کارەبای هەیە کە دروستکردنی قوتابخانە ئەستەم دەکاتەوە.

ئەم پاساوەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بۆ خۆی ڕەخنەیەکە لەسەر ڕێژیم و بەناو بەرپرسانی کە تا ئیستا ئەو شوێنانەیان لە ڕووی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و بەرقەوە دابین نەکردووە.