کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی سنە، پارەی زیادە لە قوتابییەکانیان وەردەگرن

12:31 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: قوتابییان لە کوردستاندا، بۆ خوێندن لە ساڵی نوێدا، دەبێ زیاتر لە ١٥٠ هەزار تمەن وەک پێشەکی بە قوتابخانە دەوڵەتییەکانی ڕێژیم بدەن.

بەپێی هەواڵ و وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێچووەکان بۆ ناونووسینی قوتابییان لە قوتابخانەکاندا، سێ قاتی ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.

یەکێک لە قوتابییانی قۆناغی ئامادەیی لە شاری سنە، بە ناردنی نامەیەک بۆ یەکێک لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی ئەو شارە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی قوتابخانەکەی لە شوێنە پەراوێزخراوەکانی شاری سنەیە، داوایان لێکردووە کە بۆ ناونووسی، ١٥٠ هەزار تمەن بە قوتابخانە بدات.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانە و ئەو بڕە پارەیەی کە دەبێ بە قوتابخانەکان بدرێت، هەر قوتابییەک بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار تێچووی دەبێت، لە کاتێکدا داهاتی مانگانەی کرێکارێک تەنیا ٧٠٠ هەزار تمەنە.

هەر لەم ڕاستایەدا، ماوەکانی ڕابردوو، هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردەوە کە قوتابخانەکانی شاری کرماشانیش، لەژێر ناوی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانیان، پارە لە قوتابییەکانیان وەردەگرن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە وەرگرتنی ئەم پارانە هیچ حەسێب و کتێبێکی دیاریکراوی نییە، هەر قوتابخانەیەک بەپێی حەزی خۆی بڕە پارەیەک لە قوتابییان وەردەگرێت کە هەندێک جار خۆی لە بڕی ٢٠٠ هەزار تمەن دەدات.

بەرپرسانی قوتابخانەکان هەڕەشەی ئەوە لە دایک و باوکی قوتابییەکان دەکەن کە ئەگەر پارەی دیاریکراو نەدەن، ئەوا منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردەکەن.