کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی شاری سەقز بەردەوام لە قوتابییەکان داوای پارە دەکەن

11:29 - 11 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا کە تەنیا مانگێک و دە ڕۆژ لە ساڵی نوێی خوێندن تێپەڕ بووە، چەندین جار لە قوتابخانەکانی سەقزدا کۆبوونەوە بۆ بنەماڵەی قوتابییەکان گیراوە و لە لایەن بەرپرسانی قوتابخانەکانەوە داوای پارە لە بنەماڵەکان کراوە .

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابخانەکانی شاری سەقز بەردەوام داوای یارمەتی لە قوتابییان دەکەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە تەنانەت بەرپرسانی قوتابخانەکان دەڵێن کە توانای دابینکردنی کاغەزی تاقیکردنەوەی قوتابییەکانیان نییە و دەبێ قوتابییەکان بۆ خۆیان کاغەزی تاقیکردنەوەی خۆیان بکڕن .

قوتابخانەی "حیکمەتـ"ـی کچان لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقز، داوای لە هەر قوتابییەک کردووە کە بڕی  ۷۰ هەزار تمەن بە قوتابخانە بدەن.

قوتابخانەی سەرەتایی " مەردۆخـ"ـی کچان لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقز، داوای ٦۰ هەزار تمەنیان لە هەر قوتابییەک کردووە .

بەهۆی داواکردنی بەردەوامی پارە بۆ قوتابخانە لە یەک مانگی ڕابردوودا، چەندین جار کێشە لە نێوان بەرپرسانی قوتابخانەکان و بنەماڵەی قوتابییەکان دروست بووە. هەر بۆیە چەند کەسێک لە بنەماڵەی قوتابییەکان کە وەک بەرپرس و نوێنەری بنەماڵەکان لە کۆبوونەوەکانی "ئەولیا و مورەبییانـ"ـدا دیاری کراون، کراونەتە بەرپرسی وەرگرتنی پارەکان.

بەهۆی بێکاری و گرانییەوە، زۆربەی خەڵکی شاری سەقز و بەتایبەت دانیشتووانی گەڕەکی حەماڵاوا، لە بارودۆخێکی خراپی ئابووریدا ژیان بەسەر دەبەن و دابینکردنی پارەی قوتابییەکان گوشاری ماددی و دەروونی بۆ بنەماڵەکان دەهێنێت .