کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی ورمێ پێویستییان بە نۆژەن کردنەوەیە

12:40 - 15 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: قوتابخانەکانی ورمێ پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و تەنیا ٣٩ لەسەدی پۆلی وانەوتنەوەی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە ستانداردن.

بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای ورمێ، بە ئاماژەدان بەوەی کە تەنیا ٣٩ لە سەدی پۆلەکانی وانەوتنەوەی قوتابخانەکانی ورمێ ستانداردن وتی: "لە کۆی ١٧ هەزار و ٨٠٠ پۆلی وانە وتنەوەی دەرس لەو پارێزگایەدا تەنیا ٧ هەزار پۆل ستانداردن و زیاتر لە ١٠ هەزار کلاس پێویستییان بە سەرنیاکردنەوە هەیە".

"ئیبراهیم محەممەدی" بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی گەلاوێژ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم وتوویەتی: "ڕێژەی خوێندکارەکانبەنیسبەت پۆلەکانی وانە وتنەوەوە زۆرە، بەشێوەیەک کە ڕێژەی خوێندکارەکان زیاتر لە ٣٠.٢ لەسەدە و لە بەرانبەردا تەنیا ٢٥.٢ لەسەدیان لەبەر خوێندندان و ئەمە نیشانەی کەمیی پۆلەکانی وانە وتنەوەیە".

ناستانداربوونی قوتابخانەکانی ئێران و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم به دۆخی قوتابخانەکان بە بەردەوامی گیانی منداڵان دەستێنێت و هیچ کەس یان ناوەندێکیش لەم بارەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

پارێزگای ورمێ لەو پارێزگایانەیە کە لەباری فەزای فێرکارییەوە کەمیی هەیە و تووشی کێشەیە.