کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی "پیرانشار" داوایان لە بنەماڵەکان کردووە یارمەتییان بۆ بنێرن

16:15 - 15 بەفرانبار 2721

هاوڵاتییەکی شاری "پیرانشار" باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای ئەوەیکە دەوڵەت چەندین جار بڵاوی کردووەتەوە کە نابێ هیچ شێوە تێچوویەک لە بنەماڵەی قوتابییان لەلایەن مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانەوە وەربگیرێت، بەڵام یەکێک لە خوێندنگەکانی قۆناغی سەرەتایی لە "پیرانشار" فۆڕمیان بۆ بنەماڵەی ئەو قوتابییانە ناردووە بۆ ئەوەی یارمەتییان بۆ بنێرن.

لەو فۆڕمەدا هاتووە کە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەکوو کەلوپەلی دژەچڵک، گڵۆپ، پێنووس، تێنووس، نۆژەنکردنەوەی ماتۆڕخانە و کۆمپیوتێر و چەندین بابەتی دیکە بە منداڵە قوتابییەکەیاندا یارمەتییان بۆ بنێرن.

بە سەرەنجدان بەوەیکە ئەمساڵ خوێندنگەکان بە شێوەیەکی ئەوتۆ نەکراونەتەوە و قوتابییان خەرجییەکیان بۆ قوتابخانە نەبووە، بنەماڵەکانیان ئەرکدار کردووە کە یارمەتی بنێرن.

ئەو کارە لە حاڵێکدایە کە بارودۆخی ئابووریی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر نالەبارە و خەڵکێکی زۆر تەنانەت ناتوانن کەلوپەلی خوێندن بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.