کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تامی دەسدرێژیی سێکسی

19:16 - 8 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە نەوەکانی پێشنوێژی پێشووی شیراز، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری تاران دەسدرێژیی سێکسی کردووەتەوە سەر قوتابییەکانی.

ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین"ـی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی گەڕەکی دووی تاران بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ویدیۆی غەیرە ئەخلاقی لە ڕێگای گووشیی موبایلەکەیەوە، قوتابیانی ئەو قوتابخانەیەی بە زۆرەملی بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی ڕاکێشاوە.

ئەو مامۆستایەی قوتابخانە دەسدرێژیی سێکسی بۆ سەر ١٧ قوتابیی ئەو قوتابخانەیە کردووە کە ئەو قوتابیانه تووشی نەخۆشیی ڕەوانی بوونه و لەژێر چاودێریی پزیشكی دان.

بنەماڵەی ئەو قوتابیانە سکاڵایان دژی ئەو مامۆستایە تۆمار و داوایان کردووە کە ناوبراو بە توندترین شیوە سزا بدرێت.

ئەو مامۆستایەی قوتابخانە، یەکێک لە نەوەکانی "محیەدین حائری شیرازی" پێشنوێژی پێشووی شاری شیرازه.

پێشتریش محەممەد گەندومنژاد تووسی ناسراو بە سەعید تووسی، یەكێك لە قورئانخوێنەكانی زۆر نزیک لە خامنەیی، دەستدرێژیی سێكسیی كردبووە سەر ١٠ تا ١٩ منداڵی ١٢ تا ١٤ ساڵە، كە بۆ فێربوونی قورئان چووبوونە لای ناوبراو.

سەعید تووسی لە لایەن غوڵامحوسەین مۆحسێنی ئیژەیی،  وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیم  بێتاوان ناسێندرا.

 ئەمە یەکەمجار نییە کە پەروەندەی لەم چەشنە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا و دواتر سەرپۆش دەکرێت و لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر کوی زانکۆ و دۆسیەی کەهریزەکیش کەسانێکی وەک فەرهاد نەزەری و سەعید مۆرتەزەوی بە بێتاوان ناسێندران و قوربانییانیش بە تاوانبار.

ئەم بڕیارەی بەرپرسانی دادگای ڕێژێمی ئێران لە کاتێکدایە کە خۆیان بە نوێنەری خودا لە سەر عەرز دەناسێنن و دەیانهەوێ عەداڵەت لەسەر زەوی جێگیر بکەن.