کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسدرێژیی سێکسی بۆ سەر قوتابیان لە قوتابخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا درێژەی هەیە

12:47 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە قوتابخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا قوتابییان لە جیاتی پەروەردەبوون و ڕ‌اهێنان بە زانست، دەسدرێژیان دەکرێتە سەر.

ماڵپەڕی "عصر ایران" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و ڕاهێنانی پارێزگای گوڵستان باسی لەوە کردووە، مامۆستایەکی قوتابخانه به هۆی دەسدرێژیی سێکسی بۆ سەر قوتابییەک ڕادەستی ناوەندە قەزایییەکان کراوە.

بنەماڵەی ئەو قوتابییە لە دادگا سکاڵایان دژی ئەو مامۆستایە تۆمار کردووە، کە گوایە ئەو مامۆستایە دەسدرێژی کردووەتە سەر کچەکەیان.

ئەو مامۆستایەش باسی لەوە کردووە، کە من تەنیا ئەو کچەم لە باوەش کردووە و هیچ کارێکی دیکەم ئەنجام نەداوە. بەڵام ئەو قوتابییە وتوویەتی: ئەو مامۆستایە بە مەبەستی سێکس ئازاری داوم.

دوای سکاڵای بنەماڵەی ئەو کچە قوتابییە، ئەو مامۆستایە لەسەر کارەکەی لابراوە و دەسبەسەر کراوە.

 ئەمە یەکەمجار نییە کە دۆسیەی لەم چەشنە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا و دواتر سەرپۆش دەکرێت و لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر کویی زانکۆ و دۆسیەی کەهریزەکیش کەسانێکی وەک فەرهاد نەزەری و سەعید مۆرتەزەوی بە بێتاوان ناسێندران و قوربانییانیش بە تاوانبار.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردووش، ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاینـ"ـی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردەوە، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی گەڕەکی ٢ی تاران بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدئۆی غەیرە ئێخلاقی لە ڕێگای گووشیی موبایلەکەیەوە، قوتابییانی ئەو قوتابخانەیەی بە زۆرەملێ بۆ ئەنجامدانی کاری سێکسی ڕاکێشاوە.