کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانەکانی کرماشان، پارەی زیادە لە قوتابییان وەردەگرن

18:18 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: قوتابخانە دەوڵەتییەکان لە کرماشان، لەژێر ناوی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانیان، پارەی زیادە لە قوتابییان لە کاتی تۆمارکردنی ناوەکانیان وەردەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە لە هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ـی سەر بە حکوومەت، بنەماڵەکان لە کرماشان، لە کاتێکدا کە بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان بۆ خوێندن لە ساڵی نوێدا سەردانی قوتابخانەکان دەکەن، لە لایەن قوتابخانەکانەوە داوای پارەیان لێدەکرێت.

بیانووی بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ ئەم کارەیان ئەوەیە کە ئەو بڕە پارەیەی لە سەرەتای ساڵی خوێندندا لەلایەن ڕێژیمەوە پێیان دەدەن، بۆ دۆخی ئێستا کەمە و بەشی چالاکی و خەرجییەکانیان ناکات، بۆیە دەیانهەوێت لە ڕێگای وەرگرتنی پارە لە بنەماڵەی قوتابییان، قەرەبووی ئەم کەمیی بودجەیە بکەنەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە وەرگرتنی ئەم پارانە هیچ حەسێب و کتێبێکی دیاریکراوی نییە، هەر قوتابخانەیەک بەپێی حەزی خۆی بڕە پارەیەک لە قوتابییان وەردەگرێت، کە هەندێک جار خۆی لە بڕی ٢٠٠ هەزار تمەن دەدات.

بەرپرسانی قوتابخانەکان هەڕەشەی ئەوە لە دایک و باوکی قوتابییەکان دەکەن کە ئەگەر پارەی دیاریکراو نەدەن، ئەوا منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردەکەن.

لەمبارەوە، دایک و باوکی قوتابییەک کە منداڵەکەیان لە قۆناغی ناوەندی دەخوێنێت، بە هەواڵدەریی حکوومەتیی تەسنیمیان ڕاگەیاندووە: "کاتێک کە بۆ ناونووسیکردنی منداڵەکەم سەردانی قوتابخانەم کرد، پێمیان وت کە دەبێت ١٣٠ هەزار تمەن بۆ ناونووسکردنی منداڵەکەم بدەم و ئەگەر ئەم بڕە پارەیە نەدەم، دەبێت لە بیری قوتابخانەیەکی دیکەدا بۆ منداڵەکەم بم".

سەرەڕای گرانبوونی کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن و خراپبوونی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک، ئێستا دەبێت خەڵکی پارێزگای کرماشان خەمی پەیداکردنی پارە بۆ قوتابخانەکان بەمەبەستی ناونووسینی منداڵەکانیانیش بخۆن.