بەرپرسی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە لە ئێران کەمیی مامۆستا هەیە و پارێزگای سنە پلەی حەوتەمی لەو بوارەدا هەیە.
"ڕەشید قوربانی" بەرپرسی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە وتوویەتی، لە ئێران نزیکەی ١٩٢ هەزار کەس کەمیی مامۆستا هەیە کە ئەم کەمیی مامۆستایه کاریگەریی لەسەر پارێزگای سنەش هەبووە و ساڵی ڕابردوو ئەو پارێزگایە لەڕووی ڕاکێشانی هێزی مرۆییەوە پلەی حەوتەمی هەبووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا پەروەردە و بارهێنان لە پارێزگای سنە ٢٤ هەزار کەس مامۆستای چالاکی هەیە و لەو ڕێژەیە ١٧ هەزار کەسیان دەچنە سەر پۆلەکان.
"قوربانی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: "ڕاگواستنی مامۆستاکان بەپێی پەسەندکراوی دەوڵەت هەڵگیراوەتەوە و هەرکەس لە هەر ناوچەیەکدا دابمەزرێت هەتا کۆتایی هەر لەوێ دەبێت".
ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر ساڵە ٢ هەزار مامۆستا خوازیاری گواستنەوەن. هەروەها زۆربەی مامۆستاکان لە دۆخێکی دژواردا و لە ناچاری بۆ بژێویی ژیانیان دەڕۆنە سەر پۆلەکان یان لە پۆلە ئانلاینەکاندا لە دۆخیکی دژواردا وانە دەڵێنەوە.