کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٠٦ قوتابی لە قوتابخانەکانی مەهاباد بەهۆی نەبوونی ئیمکانات لە ئەمساڵدا وازیان لە خوێندن هێناوە

11:20 - 6 بەفرانبار 2721

شاری مەهاباد ئەمساڵ زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنی قوتابیانی هەبووە و لەو ڕێژەیە زۆربەیان کوڕ و تەنیا لە ئاستی پۆلی یازدەهەمدا،ئاماری کچان لە کوڕان زیاتر بووە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد لە قۆناغی سەرەتایی؛ لە کۆی گشتی سێ ئاستی خوێندن لە ئەمساڵدا،  ٨٠٦ قوتابی لەو شارە وازیان لە خوێندن هێناوە کە ڕێژەی ئەو ئامارە لە گوندەکان لەچاو شار کەمتر بووە.

بەپێی ئامارەکانی بەردەست؛ لە ئاستی سەرەتایی لە ئەمساڵدا ٢٣ قوتابی، لە ئاستی یەکەمی دواناوەندی ٤٣ قوتابی و لە ئاستی دووەمی دواناوەندی ٧٤٠ قوتابی لەو شارە وازیان لە خوێندن هێناوە.

لە پۆلی نۆیەم ٣٨ قوتابیی کچ و ١٦٠ قوتابیی کوڕ، لە پۆلی دەیەم ١٢١ قوتابیی کچ و ١٥٢ قوتابیی کوڕ و هەروەها لە پۆلی یازدەهەم ١٤٨ قوتابیی کچ و ١٢١ قوتابیی کوڕ وازیان لە خوێندن هێناوە.

هەروەها لە ئاستی یەکەمی دواناوەندی، ١٢ قوتابیی کچ و ٣١ قوتابیی کوڕ و لە ئاستی سەرەتاییدا ١٢ کچ و ١١ قوتابیی کوڕ وازیان لە خوێندن هێناوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن تایبەت بووە بە ناوچەکانی پەراوێزی شار.

نەبوونی ئیمکانات و دەسپێڕانەگەیشتنی زۆربەی قوتابییان بە ئیمکاناتی پەروەردەی خوازەکی وەکوو مۆبایلی زیرەک و تەبلێت و هەروەها کۆچ و کارکردنی زۆرێک لە قوتابییان وێڕای بنەماڵەکانیان، بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی قوتابییان لەو شارە واز لە خوێندن بێنن.