کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییان لە قوتابخانەکان لە ژێر هەڕەشەی مەرگدان

12:40 - 3 رەزبەر 2720

لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران کرانەوەی قوتابخانەکانی ڕاگەیاند، هەتا ئێستا چەندین قوتابی و مامۆستا تووشی کۆرۆنا بوونه.

بەڕێوەبەری تۆڕی تەندروستی و دەرمانی سەڵماس نووسیویەتی، ٤ قوتابی و ٦ مامۆستا تووشی کۆرۆنا بوونە.

لەلایەکی دیکەوە "جەواد ئاقازادە" سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ وتوویەتی دەفرایەتی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە بەهۆی کۆرۆناوە پڕ بووە.

لە ماوەی ڕابردوو لە ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێ چەند مامۆستای قوتابخانە تووشی کۆرۆنا ببوون.

هاوکات لە پارێزگای کرماشان ١٣ منداڵ بە کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە کە ئامارەکانی ڕێژیم لەوبارەوە پێک ناکۆکە.

بەپێی زانیارییەکان لە شارەکانی کوردستان، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرتووەتەوە و دەمامک و کەلوپەلی بێهداشتی لە دەرمانخانەکاندا نەماوە، ئەگەریش هەبێت زۆر گرانە.

لە دوای کرانەوەی قوتابخانەکان بە شێوەی زۆرەملێ لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە قوتابییان لە قوتابخانەکان کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی نەخۆشیی کۆرۆنا.