
زیاتر لە مانگێک بە سەر دەستپێکی ساڵی نوێی خۆێندن تێدەپەڕێت لە حاڵێکدا بەشێکی زۆر لە قوتابییان کتێبیان وەرنەگرتووە.
ئەو کێشەیە تەنیا لە گوندەکان و ناوچە دووردەستەکان نییە، بەڵکوو لە زۆربەی شارە گەورەکان کە قوتابخانەکان زیاتر لە ٣٠٠ قوتابییان هەیە بووەتە بە گرفتێک و قوتابییان ناچارن کتێبی دەستی دوو بکڕن.
هەروەها بەشێک لە قوتابییان یان دەبی بڕۆنه لای هاوپۆلییەکانیان یان ئەوەیکە کتێبەکانیان بە ئەمانەت لێ وەرگرن.
سەرەڕای ئەوەیکە قوتابییان کتێبیان نییە مامۆستاکانیش کتێبیان نییە و ناچارن وانەکان پرینت بکەن و بەو شێوەیە وانە بە قوتابییان بڵێن.
پێشتر قوتابییان لە کتێب فرۆشییەکان ناونووسییان دەکرد و لە کاتی خۆی کتێبیان بەدەست دەگەیشت ماوەیەکە قوتابییان دەبێ لە سیستمی "سیدا" ناونووسی بکەن هەتا داوتر کتێب وەربگرن بەڵام ئەو سیستمە وڵامدەر نییە.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام باس لە نەبوونی و گرانبوونی کاغەز دەکەن، بەڵام هاوکات چەندین میلیۆن دۆلار بە کاغەزی جگەرە دەدەن.
قەیرانی کەمیی کاغەز بووەتە هۆی ئەوەیکە کتێبە دەرسییەکان چاپ نەکرێت و قوتابییان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بن.