کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی بۆکانی ئیدارەی بەسیجی ئەو شارەیان ڕیسوا کرد

11:30 - 8 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی خوێندن، سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە گوشاری خستووەتە سەر قوتابییانی شاری بۆکانەوە هەتا بە زۆرەملێ لە ڕیزەکانی پڕ لە شوورەیی بەسیج ناونووسیان بکەن.

هێزەکانی تێرۆریستی سپای پاسداران لە دەستە و تاقمی چەند کەسیدا لە قوتابخانەکانی شاری بۆکاندا دەگەڕێن و بە کەڵکوەرگرتنی خراپ لە هەستی پاکی منداڵانی ئەو شارە، تەماحیان وەبەر دەنێن و بانگهێشتی ڕیزەکانی بەسیجیان دەکەن.

لە میانەی ئەم پیلانەی ڕێژیمدا، چەند کەسی نەفسنزم، بە ناوی مامۆستایەکی کورد، هاوکاریی هێزەکانی ڕێژیم دەکەن و بۆ دڵخۆشکردنی کاربەدەستانی سپای ڕێژیم لە هیچ جۆرە هاوکارییەک درێغی ناکەن.

بۆ وێنە لە دەبیرستانی "سەید قوتب"، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەزبەر، بەرپرسانی قوتابخانە لە بانگەوازێکدا، ئامانج و مەبەستەکانی تەرحی نوێی بەسیج بۆ تێکڕای قوتابییانیان شی کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەر، دەستەیەکی ٤ کەسی لە پاسدارەکانی ڕێژیم، سەر بە ناوەندی بەسیجی شاری بۆکان، چوون بۆ دەبیرستان و هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایەکی سەر بە ڕێژیم، کلاس بە کلاس داوایان لە قوتابییەکان کردووە کە دەبێ پەیوەست بە ڕیزەکانی بەسیجەوە بن.

ئەو بەناو مامۆستایەی سەر بە ڕێژیم، بانگەشەی لەڕادەبەدەر بۆ بەسیجگیری دەکات و وتوویەتی که کوڕەکەی خۆیشی کردووەتە بەسیج، هەتا لە خێروبێری بەسیجبوون بێبەش نەبێت. لە درێژەدا بۆیان شی دەکاتەوە کە ٨ مانگ لە سەربازی کەم دەبێتەوە، ئیمتیازی بەرزی بۆ چوونە زانکۆ هەیە، دەچنە گەشتوگوزار و لە دواڕۆژدا بە ئاسانی لەسەر کار دادەمەزرێن.

ئەم بەڵێنییەی مامۆستای قوتابخانه‌کە هیچ کارتێکەرییەکی نەکردووەتە سەر هەستی قوتابییانی وشیار و ژیری دەبیرستانی "سەید قوتب" و پاش یەک حەوتوو ماندووبوون و سناریۆسازی، تەنیا ٦ منداڵی ساویلکەیان بۆ کۆ کراوەتەوە.