کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی قوتابخانەی دێموکرات لە گەلاوێژدا شاریان بە یووبیلی ئەڵماسی ڕازاندەوە

13:32 - 27 گەلاوێژ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە درێژەی کار و چالاکییە تەبلیغییەکانیان بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموکراتەوە شاریان کردە چەقی خەبات و کۆشکی داگیرکەرانیان خستە لەرزەوە.

ژنانی پێشەنگ و تەوارەکانی شار لە "بانە"ی ئارباباوە  لە پەیامێکدا بەبۆنەی ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتەوە سەرەڕای پیرۆزبایی لە کادر و پێشمەرگەکان، پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕیوە.

لە "تەنگیسەر"ی مەکۆی وەفادارانەوە لە چالاکییەکی دیکەدا بۆ چەندەمین جار پێشمەرگە نەسرەوتووەکانی شار ڕێزیان لە  ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەیان گرت و سەلماندیان کە "تەنگیسەر" قەڵای لەگیران نەهاتووی دێموکراتە.

لە ئاوایی "گەلێن" لە ژاوەرۆی سنە چیاباوەڕانی دێموکرات لە کاتێکدا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە کە جاش و بەکرێگیراوان و هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە جلوبەرگی شەخسییەوە بە نێو ئاواییدا سووڕاونەتەوە و لە ئامادەباشیی تەواودا بوونە، بەڵام چاونەترسانی دێموکرات بێگوێدان بە هەڕەشەی جاش و بەکرێگیراوان لە پشتی قوتابخانەی ئاوایی بە تەقاندنی فشفشە و دەربڕینی خۆشی و شادی یادی دامەزراندنی حیزبەکەیان بەرز ڕاگرت.

لە گەلاوێژ، مانگی هەڵهاتنی خۆری هیوای کورداندا قارەمانان و تێکۆشەرانی دێمۆکرات لە شاری "شوێشە" سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە بە شێوەیەکی بەرین چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی  شاری "شوێشە" کە چالاکیی تەبلیغی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "شەقامی دوکتور قاسملوو، دەوروبەری مزگەوتی جامێعە، کۆڵانەکانی شار، بەردەرگای ماڵان، ڕێگای هاتوچۆی شار بۆ ئاواییەکانی کەڵاتەرزان، ڕێگای شوێشە بۆ تاڵەوەران، ڕێگای ئاواییەکانی تێژتێژ، قەڵاشێخان، قەڵاجۆخ، دەرەوشکە، زەردەرە، تازاوا و سوورەوان".

لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموکراتەوە لە شاری "مەهاباد" تێکۆشەرانی ماندوونەناسی دێموکرات لە گەڕەکەکانی "موکریان، جانبازان، ئاپارتمانی سەنعەت و مەعدەنی زاگرۆس، فەرهەنگییان و هەروەها ئاوایی قەڕەشڵاخ" چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزن و مێژووییەیان کرد و خۆیان بە ڕێبواری ڕێبازی  دێموکرات زانیوە.

هەروەها لە ناوچەی "بەری مێرگانـ"ـی پیرانشاری قارەمانانەوە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە بەڕێوە برد و تراکت و پوستێری تایبەت بە ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان بڵاو کردەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا پێشمەرگە هەردەم ئامادەکانی دێموکرات لە "دزەی مەرگەوەڕ" بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دانانی جامانە وەک هێمای پێشمەرگە وێڕای پیرۆزبایی لە حیزبەکەیان، ئامادەیی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕی و وەفاداریی خۆیان بە حیزبەکەیان دووپات کردەوە.

لە "سنە"ی خوێناوییەوە ئەندامان و لایەنگرانی هەردەم لە سەنگەری حیزبی دێموکرات، بەبۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لەنێو ماڵاندا جێژنیان گێڕاوە و بە دەربڕینی خۆشی و شادی و بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی ٢٥ی گەلاوێژیان لە یەکتر پیرۆزبایی کردووە.

لە شاری "ئەندیمێشک" ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموکراتەوە لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژیان لە حیزبەکەیان کرد.

لە شاری "کامێرانـ"ـی تێکۆشەرانەوە، تێکۆشەرانی دێموکرات لە پەیامێکدا پیرۆزبایی خۆیان لە هەموو کادر، پێشمەرگە، زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە هەتا وەدیهاتنی ئارمان و ئامانجی حیزبەکەیان لە خەبات و تێکۆشان ناوەستن.

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە "شنۆ"ی مەکۆی ئەویندارانی سەربەستییەوە لە گەڕەکەکانی "فەرهەنگیان و مام تەمر" چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چووە.

لە ئاوایی "ئەمیر ئاباد"ی شنۆ هەڵۆ تیژباڵەکانی دێموکرات بوێرانە لە تەواوی "کۆڵانەکانی ئەمیر ئاباد، مەدرەسەی کچانە و کوڕانە، مزگەوتی ئاوایی، سوپێرمارکێتەکان، نانەوایی و ماڵ بە ماڵی ئاوایی و سەر شووشەی ماشینەکان" تراکت و پوستێریان بڵاو کردووەتەوە.