کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی مەریوانی لە هەڵمەتی زاگرۆسانەدا بەشدارییان کرد

16:44 - 24 سەرماوەز 2721

لە درێژەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە لەلایەن خەڵکی مەدەنی و خۆبەخشی کوردستان، ڕێکەوتی ۲۳ی سەرماوەز بەشێک لە منداڵانی خوێندنگەی سەرەتایی "تەزکییە" لە شاری مەریوان لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانە لە هەڵمەتی زاگرۆسانەدا بەشدارییان کرد.

لەو چالاکییەدا بەشێک لە قوتابییان و مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە بە یارمەتیی چەند کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە داوێنی سروشتی مەریوان و لە دەوروبەری گۆلی زرێبار دەنکە بەڕوویان چاند.

پاشان ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لەسەر گرینگیی ژینگە و بە تایبەت دارستان و چۆنیەتیی دانانی دەنکی بەڕوو بۆ چاندن بۆ قوتابییانی بەشداربوو دوا.

منداڵان وەک نەوەی داهاتوو گرینگترین بەشی کۆمەڵگان کە دەبێ بە وریایی و سەرنجەوە لەگەڵ گرینگیی ژینگە و ئەرکی خۆیان بەنیسبەت ژینگەوە ئاشنا بکرێن.