کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی کورد، سروشتی نیشتمانەکەیان دەبووژێننەوە

12:20 - 25 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کچە قوتابییەکانی قوتابخانەیەکی دواناوەندیی شاری بانە، لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا، پارکی "بابووسـ"ـی ئەو شارەیان بووژاندەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، لە پارکی "بابووسـ"ـی بانەدا، رێوڕەسمێک لە لایەن ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "پاژین" و کچانی قوتابیی قوتابخانەی دواناوەندیی "کار و دانشـ"ـەوە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، نەمامی بەڕوو چێندرا و پارکەکە لە زبڵ خاوێن کرایەوە.

هەروەها دوو ئەندامی "پاژین" بە ناوەکانی "عەلی فەقیزادە" و "فرمێسک زاهیدی"، لەسەر تەوەری ژینگەپارێزی، زانیارییان بە قوتابییان دا و قسەیان بۆ کردن.

"عەلی فەقیزادە"، لە ئەندامانی هەیئەت مودیرەی پاژین، لەم ڕێوڕەسمەدا باسی لە گرنگیی دارەکان کرد و وتی: "دەبێت بە یارمەتیی هەموومان، داری زۆرتر بچێنین و بەرگری لە بڕانی دارەکان بکەین".

لە درێژەدا، "فرمێسک زاهیدی"، بەرپرسی کۆمیتەی فێرکاریی پاژین، وێڕای فێرکردنی نەمامچاندن بە قوتابییان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێت لێڕەوارەکانی ناوچەکە بپارێزین و داوای لە قوتابییان کرد، کە لە بنەماڵەدا فەرهەنگسازی بکەن کە لە "کاسە و کەوچکی سەفەری" کەڵک وەر نەگرن.