کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوربانییانی ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان گەیشتە ١٦ کەس

12:30 - 4 جۆزەردان 2722

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان لە سێهەمین ڕۆژی ڕووداوی ڕووخانی بینای مێترۆپۆل لە ئابادان، لانیکەم ١٦ کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسیش هەروا لەژێر داروپەردوودا ماوەنەتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دژبەیەک سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ''حوسێن عەبدولباقی'' خاوەنی بینای مێترۆپۆل، هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە زاری داداستانی گشتیی ئەلحەواز ڕایانگەیاند کە ناوبراو لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەست داوە.

بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە کە گیانلەدەستدانی ناوبراو دوور لە ڕاستییە و سێناریۆیە کە دروست کراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەرپرسی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە وتاردانێک لەنێو خوێندکارانی زانکۆی "شەریف" وتوویەتی کە فەرمانی پێ دراوە ڕووخانی ئەو بینایە ڕووماڵ نەکەن و درێژەی پێ نەدەن.

لەلایەکی دیکەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە گەڕانەکان بۆ دیتنەوە و دەرهێنانی کەسانی بەجێماو لەژێر داروپەردوودا بە بیانووی ڕووخاندنی بەشێکی دیکەی ئەو بینایە ڕابگرن کە ئەمەش نیگەرانیی لە لای کەسوکاری بێ سەروشوێنبووان دروست کردووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ٥٠ کەس لەژێر ئەو بینایە گیریان کردووە.

بینای ١٠ نەهۆمیی میترۆپۆل لە شاری ئابادان بەهۆی کەمترخەمی و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم و ناستانداردیی بیناکەوە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردان لە ناکاو ڕووخا کە هەتا ئێستا ١٦ قوربانی و دەیان برینداری لێ کەوتووەتەوە.