کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قومار لەسەر مەحاڵ

11:29 - 19 جۆزەردان 2722

زاگرۆس

کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران هەڵدەدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بە دەگمەن پاشا یاخود ڕێبەرێک هەبووە کە بەدەسەڵاتگەیشتن و لەسەرکاروەلانانیان لە تاران، دەستی زلهێزێکی دەرەکی تێدا نەبووبێت. لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویشدا سەرەڕای ئەوەی هەبوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، گەندەڵی بەربڵاوی ئابووری و ئیداری و باڵکێشکردنی فەزای ترس و تۆقاندن و گرتن و کوشتنی گەلانی ئێران و لە بەرانبەریشدا ئیرادە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ لەنێوبردنی دەسەڵاتی پاشایەتی بەستەرێکی لەباری بۆ شۆڕش و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بەرهەم هێنابوو بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان دەریدەخەن دەستی دەرەکی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە ڕەوتی شۆڕش و ئاکامەکانی شۆڕشدا هەبووە.

هەر لە هاندان و پاڵپشتیکردنی حەمەڕەزاشا بۆ لەنێوبردنی کەس و لایەنە چەپ و دێموکراتەکان لەماوەی نیزیک بە سی ساڵ دەسەڵاتییەوە بگرە (بەهۆی ترس لە دزەکردنی هێژمۆنی یەکیەتی سۆڤیەت بۆ ناو خاکی ئێران) هەتا تەرخانکردنی تریبۆن و ڕاگەیاندن بۆ خومەینی و لایەنگرانی و لە کۆتاییشدا گرتنی کۆنفڕانسی گوادێلۆپ وەکوو دواهەمین بزمارێک کە لەسەر تابووتی دەسەڵاتدارێتی پاڵەوی درا، هەموویان دەرخەری ئەم ڕاستییەن.

 لەم ساڵانەی دواییدا لە هەندێک لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا لە شارە ناوەندییەکانی ئێران دروشمگەلێکی گوماناوی لە پشتیوانیکردنی بنەماڵەی پاڵەوی و خواست و ئاوات بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە دەدرێت و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە کاناڵە ماهوارەییە فارسییەکاندا هەوڵێکی بەلێشاو و بەربڵاو بۆ جوان و بێخەوش نیشاندانی سەردەمی پاڵەوی دەدرێت کە هەر بینەرێکی وردبین و خاوەنبیر تووشی شک و گومان دەکات. هەرچەند واپێدەچێت بەراوردکردنی دوو دەسەڵات کە یەکیان دیکتاتۆری پاشایەتی و ئەوی دیکەیان مەزهەبی ئایدیۆلۆژیکە کارێکی درووست نەبێت بەڵام بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد ڕوون و ئاشکرایە کە زەینییەتی بنچینەیی هەردووک ئەم دەسەڵاتانە یەک سەرچاوەیان هەیە و ئەویش بیرۆکەی سەرەڕۆ و خۆبەناوەندزانی قەومی فارسە. هەڵدانەوەیەکی خێرای مێژووی ئەو سەردەمە پێمان دەڵێت کە دامەزراندنی ئۆرگانێک وەکوو ساواک لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی کەشێکی وەها لە ترس و تۆقاندن و گومانی لەنێو خەڵکدا درووست کردبوو کە لە کاتی خۆیدا بۆ وڵاتی ئێران و ناوچەش بێوێنە بوو. ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەساڵی ١٩٧٦ واتە ساڵی ٥٥ی هەتاوی لەمەڕ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕێژەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە نێوان ٢٥ تا ١٠٠ هەزار کەس بەراورد دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە هیچ وڵاتێکیتر لە جیهاندا لە بابەت پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگاتە ئێران و ڕێژیمی پاشایەتی خاوەنی زۆرترین ڕێژەی ئێعدام، ئەشکەنجە و هەروەها نەبوونی دەزگای دادی سەربەخۆ لە جیهاندایە.

بە فەرمانی حەمەڕەزاشا لە ساڵی ١٣٥٤دا تاکە حیزبی ئێران بەناوی حیزبی ڕەستاخیزی میللەتی ئێران دادەمەزرێت. لە شوێنیکدا ناوبراو دەڵێت کە هەرکەس ئەندامی حیزبی ڕەستاخیز نەبێت یا ئەندامی گرووپە تێکدەرەکانە و جێگەی زیندانە یاخود دەبێ خاکی ئێران جێبهێڵێت!

لەنێوان ساڵەکانی ٣٠ هەتا ٥٠ی هەتاوی ٢٥ تا ٤٠ لەسەدی بوودجەی وڵات بۆ بەشی نیزامی تەرخان دەکرا، ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەوتەی کاتووزیان ٣٨ لەسەدی خەڵکی ئێران لەنێوان ساڵەکانی ٥١ هەتا ٥٦دا گیرۆدەی بەدخۆراکی بوون. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەوکات ڕێژەی بێسەوادی لەساڵی ٥٦ لەنێوان ٦٥ تا ٧٠ لەسەد بووە. لەساڵی ١٣٥٠دا ٩٦لەسەدی گوندەکانی ئێران کارەبایان نەبووە. هەمووی ئەمانە لەحاڵێکدایە کە داهاتی فرۆشی نەوت لە نێوان ساڵەکانی ٣٣ تا ٥٦ی هەتاوی نێزیک بە هەزار بەرانبەر زیادی کردبوو!

ئەرتەشی شاهەنشاهی لەساڵی ١٣٥٣دا بۆ سەرکوتکردنی بەلووچەکانی پاکستان دەچێتە یارمەتی ئەو دەوڵەتە و بەشێک لەو هێزە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو وڵاتە دەمێنێ. لەشەڕی نێوان دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماریخوازەکانی وڵاتی یەمەن لەنێوان ساڵەکانی ١٩٦٢-١٩٧٠دا رێژیمی شا بە ئاشکرا یارمەتی سەڵتەنەتخوازەکان دەکا و دەستێوەردانی ئەو وڵاتە دەکا. ئەرتەشی شاهەنشایی بە دەستێوەردان لە شەڕی زوففار لەساڵی ١٩٧٢تا ١٩٧٥دا چووە وڵاتی عەممان و بە سەرکوتی هێزە دێموکرات و دژەپاشایەتییەکان، ڕێژیمی پاشایەتی لەو وڵاتەدا سەقامگیر کرد.

حەمەڕەزاشا لە شەڕی ڤییەتنامدا کە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە وڵاتی خۆی بوو بەناردنی ٣٢ فڕۆکەی F5یارمەتی وڵاتی ئەمریکای دا. هەموو ئەمانە کە ئاماژەی پێدرا بۆ کەسێک کە لەم سەردەمەدا ژیان دەکا تەنیا یەک حکوومەت وەبیردێنێتەوە، ئەویش کۆماری ئیسلامییە.

 لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕەزا پاڵەوی کوڕی حەمەڕەزاشا لە کۆبوونەوەیەکی تەواو فۆڕماڵیتەی ڕۆژنامەوانیدا هەندێک قسەی کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری هەبوو. ئەوەی کە ڕوونە و لە قسەکانی ناوبراو دەردەکەوێت ئەوەیە کە زەینییەتی ئەم پاڵەوییەش بە نیسبەت کەتوارەکانی کۆمەڵگا و مێژووی ئەم وڵاتە جیاوازییەکی لەگەڵ پێشینیانی نییە و نایهەوێ ڕووی ڕاستەقینەی کێشە و بابەتەکان ببینێ.

بە سەرنجدان بەوەیکە ناوبراو لەهیچ کام لە لێدوانەکانیدا هیچ کات بە ڕوونی ئاماژەی بە پێگە و نەخشی خۆی نەکردووە و بە هەندێک قسەی ڕووکەشیانە وەک ئەوەی کە "منیش کەسێکی ئاساییم کە خەڵک متمانەی پێمە و دەمهەوێ لەم پێگەم بۆ یەکگرتوویی کەڵک وەرگرم" و یاخود پەیوەندی و پەیامە ناڕوونەکانی بەنیسبەت هێزگەلێکی وەک سوپای تێرۆریستی پاسداران یاخود پەیامە هەڕەشەئامێزەکانی دەوروبەرییەکانی بەنیسبەت هەرکەسێک کە وەکوو ئەوان بیر نەکاتەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە داهاتوویەک کە بڕیار بێت لەسەر دەستی ئەمانەدا بۆ خەڵکانی ئێران درووست ببێت داهاتوویەکی لێڵ، ناڕوون و پڕلەمەترسییە. ئەوەیکە جێگای سەرنجە لەم کۆبوونەوە دواییەدا هاوشێوەی ساڵی ٥٧ی هەتاوی کە هەموو تریبۆنەکان لەخزمەت خومەینیدا بوون، ئێستاش بێ جیاوازی هەموو تێلێویزیۆنە فارسی زمانەکان بوون بە تریبونێک بۆ بڵاوکردنەوەی قسەی ڕەزای پاڵەوی. ئەگەر تەنانەت وەکوو ئەوەی کە خۆیشی ناڕاستەوخۆ وتی وڵاتانی زلهێز قوماریان لەسەر ئەو وەکوو ئەسپێکی زیندوو کردبێت ئەوە بێگومان ئاکامی ئەم قومارە لە ئێستاوە ڕوونە و ئەم ئەسپە کە لەمێژ ساڵە مردووە تەنانەت ئەگەر بە هەناسەدانی دەسکردیش بێت لە چەند چرکە زیاتر دەوام ناهێنێت.

پڕئاشکرایە نەتەوە پەراوێزخراوەکانی نێو جوغرافیای ئێران گەیشتوونەتە قۆناغێک کە تازە هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا توانای خۆسەپاندنی نییە و گەڕاندنەوە بۆ دواوە خەیاڵێکی خاوە. ئەمە جیا لەوەیە کە زۆرێک لە لایەنە چەپ و سیاسییەکانی ناوەندیش کێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ سیستمی پاشایەتی هەیە. بێگومان ئەگەر بڕیار بێت لە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامیدا وڵاتێک بە ناوی ئێران بمێنێتەوە ئەوە دەبێت لەو وڵاتەدا هەموو کەلێنە نەتەوایەتی و چینایەتییە جیاوازەکان بە دیدێکی واقعبینانەوە ببیندرێت دەنا لە غەیری ئەوەدا قومارێکی دۆڕاو دەبێت، قومارێک لەسەر مەحاڵ..