کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغی دووەمی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی "خەزەڵوەر" بەڕێوە چوو

10:15 - 16 رێبەندان 2721

ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، قۆناغی دووەمی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی "خەزەڵوەر"، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوو.

هاوسەری یەکێک لە کوژراوانی خەزەڵوەری ٩٨ کە یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ئەو خۆپیشاندانانە بووە، هەروەها ئاگاداری ئەوە بووە کە چۆناوچۆن لەنێو بیشەڵانەکانی "ماهشەهر" سەر بە پارێزگای "ئەلئەحواز" هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران خەڵکیان کوشتووە، لەو دادگایەدا بە ناوی "شاهیدی ٥٣٠"، شاهیدیی داوە.

"شاهیدی ٥٣٠" لە پەیوەندی لەگەڵ تەقەکردن لە خۆپیشاندانەکانی "ماهشەهر" وتوویەتی: "خەڵک بۆ لای بیشەڵانەکە هەڵدەهاتن و هێزە نیزامییەکانیش بە چڕی تەقەیان لێ دەکردن، من نەمبینی کەسێک بە زیندوویی لەو شوێنە بێتە دەرەوە، تەنیا دیتم کە مەئموورەکان تەرمی کوژراوەکانیان ڕادەگواست".

ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" ١٠ی سەرماوەی ٩٨ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨، نزیک بە ١٠٠ کەس لە بیشەڵانەکانی "ماهشەهر" کە وەکوو پەناگەیەک لەو شوێنە کەڵکیان وەرگرتبوو لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون.

بە دوای ئەو ڕاپۆرتە "موحسین بیراوەند" فەرماندار و "ڕەزا پاپی" فەرماندەی هێزی ئینتزامیی "ماهشەهر" ئەو کوشتارەیان پشتڕاست کردەوە.

"وین جرداش" سەرۆکی ئەو دادگایە  و لە سەرەتای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام نەداوە، هەروەها ڕێژیمی ئێران لەسەر ویستی دادستان دەبوایەت لەو دادگایەدا ئامادە بێت، بەڵام وڵامی نەداونەتەوە".

قۆناغی دووەمی ئەو دادگایە بۆ گوێگرتن و بەدواداچوونی قسەکانی ١١٦ کەس کە لەو پەیوەندییەدا شاهیدی دەدەن بەڕێوە چووە و هەتا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.

دادگای نێوەنەتەوەیی خەڵکیی خەزەڵوەر، لەلایەن ڕێکخراوەکانی "عیداڵەت بۆ ئێران، مافی مرۆیی ئێران و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پێکەوە دژی سێدارە" پێک هاتووە.