کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له پەیامێكدا ڕوو به خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە کە ئێمە قۆناغێکی نوێ لە خەبات دژی ڕێژیمی تاران دەگرینە بەر.
لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکرات و لە سێدارەدانی سێ لاوی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و دواتریش مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، لە پەیامێکدا جەختی کردەوە کە لە سەر ڕێگا و ڕێبازی خۆمان هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانمان بەردەوام دەبین.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تەکمیل کردنی زۆرداری و ئیستبدادی خۆی بەسەر گەلی کوردی ئازادیخوازدا، بە تەفسیری خۆی لە ئیسلامیش کەڵکی وەرگرتووە، تا شەرعییەت بە هەموو کردەوە دڕندانەکانی خۆی لە دژی نەتەوەکەمان ببەخشێت.
هیجری لەو پەیامەیدا باسی لەوە کردووە ڕەنگە لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی رێژیم شاییان لە دڵدا بگەڕێ کە بە خیالی خۆیان بەو مووشەکبارانە خەباتی کوردیان بە چۆکدا هێناوە و پشتی خەباتکارانی کوردیان لەرزاندووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێ کە دەسەڵاتدارانی پێش لەوانیش نزیک لە سەد ساڵی ڕابردوودا دژی کوردستان بە دڕندانەترین شێوە هێرشیان کردووەتەوە سەر نەتەوەی کورد، کەچی نەک هەر نەیانتوانیوە بێدەنگی بەسەر کوردستاندا زاڵ بکەن، بەڵکوو راست بە پێچەوانە رۆژبەرۆژ زیاتر خەباتی کورد پەرەی گرتووە .
لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە؛ ئێمە لێبڕاوین دەست لە دەستی هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکان، لاوانی مافخواز و هەموو چین و توێژەکانی کوردستان، قۆناغێکی نوێی لە خەبات دژی رێژیمی تاران بگرینە بەر و تا بە چنگهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان نەوەستین. بێگومان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و رێژیمیش بەرەو نەمانە.
"مستەفا هیجری" لەو پەیامەدا سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە تێکڕای حیزب، ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد کە بە هەموو شێوەیەک هاوخەمی و پشتیوانیان لێ کردوون و لەگەڵیان بوونه.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە وەک دەیان ساڵی رابردوو هەر ئەو دەنگە بەرزەی ئێوە دەبین کە کۆشتن، ئیعدام و بۆمبارانەکانی تاران بەهێزتریان کردووین. بێگومان سەرچاوەی ئەو هێزەش هەر ئێوەن، هەموومان پێکەوە زۆر بەهێزین، هێزێک کە پشتی دوژمن دەلەرزێنێ و بەچۆکیدا دێنێ.