کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغەکانی پاوانخوازیی

23:47 - 8 جۆزەردان 2722

سندووس

بە باوەڕی خاوەنڕایانی بواری سیاسی و لە ڕوانگەی سیستم‌ناسانی خاوەن‌بەهرەوە، سیستمە توتالیتێرەکان لە ماوەی تەمەنی خۆیاندا، بەسەر سێ قۆناغدا تێدەپەڕن. لە قۆناغی یەکەمدا زۆربەی جەماوەری ڕەشۆک سەرخۆش و تەژی لە ئایدیۆلۆژی، دەبنە شوێنکەوتەی چاوبەستراوی ڕێبەر، وەبزانە بەسەر بەهەشتی تەژی لە چێژەکانی ژیاندا کەوتوون و بە بێ هیچ گۆڕانکاری و دەستێوەردانێک تەسلیمی ئایدیۆلۆژییە بێ‌بنەماکانی دەبن. ئەوەی لە سەروبەند و سەرەتاکانی شۆڕشی ١٣٥٧دا دیتمان ڕێک ئەو سەرخۆشی و خەڵسەیە بوو کە زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە باوەڕی مەزهەبی شیعەیان هەبوو لە داوی کەوتن و وێنەی ڕێبەریان لە مانگدا دەبینی و دژایەتی لەگەڵ بیروباوەڕەکانی ئەویان بە دژایەتی لەگەڵ خودا و دەستوورە ئاسمانییەکان دەقەبڵاند.

ڕێبەرێک کە هیچ زانیارییەکی لە سەر زانستی بەڕێوەبەری نەبوو و تەنانەت باخچەیەکی ساوایانی پێ ئیدارە نەدەکرا! ئەوە بوو زانستی ئابووری بۆ ئاژەڵان بەکارا دەزانی، خومەینی بە سیستمە نەخۆشەکەیەوە بەڵایەکیان بەسەر ئەم وڵاتەدا هێنا کە ئێستاشی لەگەڵ بێت هەم کۆمەڵگا و هەم خاوەنڕایانی خستووەتە ناو شۆکێکی سەیروسەمەڕەوە.

ئەو بەڵا و نەهامەتییەی سیستمی توتالیتێری ئاخوندی کە ڕەوایی خۆی لە کۆنەکتێب و لە ئاسمانان وەردەگرێ، بەسەر وڵاتی هێنا لە مێژووی کەمتر وڵاتدا بیندراوە. وڵاتێک کە لە ڕیزی ١٠ وڵاتی خاوەن سامانە ژێرزەوییەکاندایە، ئێستا خەڵکەکەی لە ئاستێکی ئەوەندە نزمدا ژیان دەکەن کە بۆ دابینکردنی ژیانێکی سەرەتایی، ئەندامانی لەشیان دەفرۆشن و هەژاریی وەک مۆتەکەیەک بڕستی لە ژیانی گشت چین و توێژەکانی بڕیوە. وڵاتێک کە لە نێو ڕیزبەندی دە وڵاتی خاوەن سامانە سروشتییەکانی جیهاندا جێ دەگرێ و خاوەنی ١٠ لەسەدی نەوت و ١٦ لەسەدی گازی جیهانە لە خراپترین دۆخی ژیانە و بەپێی ئامارەکان لە ڕیزی هەژارترین وڵاتانی جیهاندایە.

گشت ئەو بەڵایانە تێکەڵ بە ئاوسانی لەڕادەبەدەر، بێکاری، بڕەوی ماددەهۆشبەرەکان، تێکدانی ژینگە، ئاژاوەنانەوە لە وڵاتان لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕش، دابەزینی کەرامەتی ئینسانی، دزی، بێ‌ڕەوشتی و زۆر ڕەفتاری‌تر کە نابێ لە کۆمەڵگادا بوونیان هەبێت، گشتیان دەسکەوتی سیستمێکن کە خەڵکی ڕەشۆک لە سەرەتادا چاوبەستراو کەوتبوونە شوێنی!!

لە قۆناغی دووهەمدا ڕاستییەکان ڕووخساری خۆیان دەردەخەن، هیچکام لە وادە و بەڵێنییە درۆینەکانی ڕێبەران وەدی نایەن و مسۆگەر نابن. ئیستڕاتێژیستە وەهمییەکانی سیستم بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەیان مەیدان بۆ تاقمێک درۆزنی‌ تر لەژێر ناوی ڕێفۆرمخواز خۆش دەکەن و ڕێگەی هەڵسووڕان و چالاکیی سیاسییان پێدەدەن تا بەڵکوو لەلایەک کارە قێزەون و هێڵنجهێنەکانی ڕابردوویان بۆ پینە بکەن و لەلایەکی‌تریش کۆمەڵانی خەڵک هیوادار بە کردنەوەی دەرگای داخراوی گشت جومگەکانی کۆمەڵگای داخراوی درووستکراوی سیستمە دەستکردەکەی خۆیانی بکەن.

 کۆمەڵانی خەڵکیش چوونکە چاوەڕوانی هەڵکردنی مۆمێکی گەشاوە لەنێو تاریکستانی کاکی بە کاکی چێکراوی دەستی سیستمن، دڵخۆش و هیوادار بە چاکسازیی، دەکەونە شوێنیان و دیسان فریوی درووشمە ڕەنگاڵە و بریقەدارەکانیان دەخۆن، غافڵ لەوەیکە بوونی گشت کێشەکان لە کۆمەڵگادا هەڵقوڵاوی ئایدیۆلۆژییە نەگۆڕ و چەقبەستووەکانیانە و کۆی ئاریشەکان بەرهەمی سیستم و دەرهاویشتەی ئەو کۆنەکتێب و ڕەوایەت و حەدیسە جەعلی و بێ‌بنەمایانەن کە ئێتر بە هیچ شێوەیەک ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵگا و ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بسازێن، هەربۆیە بەرەبەرە ماهییەت و فێڵوتەڵەکەکانی ئەم باندە بەناو ئیستراتێژیستەش دەردەکەوێ و بۆگەنی درووشمەکانیان کۆمەڵگا پڕ دەکات و پیلانی ڕیفۆڕمخوازیش دەبێتە بڵقی سەر ئاو. ڕەوتی ڕیفۆڕمخوازیی لە ئێراندا، لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٦ـی هەتاوییەوە کە بە هەڵکێشانی سەیدمحەممەد خاتەمی تا پۆستی سەرکۆماریی و دانی وادەی ڕێفۆرمی سیاسی، بۆ ماوەیەکی زەمەنی، توانی کڵاو بخاتە سەر کۆمەڵانی ئازادیخوازی خەڵک و چالاکانی بوارە جیاجیاکانی خەبات بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە بەڵام ئێستا ئیتر درۆیینبوونی گشت درووشمەکانی پاشماوەکانی ئەم جووڵە چەواشەکارییە بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەرکەوتووە و ڕەنگدانەوەی لە درووشمە ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری وەزاڵەهاتوو بە جوانی دەبیسترێت. تەنانەت درووشمی دژەڕێفۆرمخوازیی ئاخوندیی کەوتووەتە پێش درووشمەکانی‌تریشەوە:

 "اصلاح‌طلب اصولگرا، دیگە تمومە ماجرا."

لە قۆناغی سێهەمدا، کە کۆتاقۆناغی سیستمە توتالیتێرەکانە، هەرچەند تووندوتیژی، کوشتوبڕ، قەڵاچۆ و زیندانیکردن، هەمیشە وەک بەشێکی جیانەکراوە لەم سیستمانەدا بوونی هەبووە بەڵام بەهۆی ترسی لەڕادەبەدەر، کاربەدەستان تێدەکۆشن لە تووندوتیژی خەستتر کەڵک وەربگرن، تەنانەت بچووکترین "نا"وتنەکان لە نێو هاوبیرانی خۆشیاندا قەبووڵ ناکەن و هەر کەس بچووکترین کێشەی لەگەڵیان هەبێت لە هەرێمی خۆیان دەیکەنە دەرەوە و بێبایه‌خ دەکرێت و دەکرێتە مۆرەی سووتاو.

 هەڵاواردنە بەلێشاوەکان دەست پێدەکەن و ژمارەی خودییەکان بەرتەسکتر دەبنەوە، لە ئاکامدا نالێوەشاوەیی کاریی قووڵتر و ڕادەی دژبەران ڕۆژبەڕۆژ لەهەڵکشاندا دەبێت و ڕێژەی ناڕەزایەتییەکانی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵکا ڕوو لە زیادبوونێکی لەڕادەبەدەر دەکات و هەموو شتێک بەرەو لێکترازان و هەڵوەشان هەنگاو دەنێت. هەرکەس پۆستێکی پێ‌بسپێردرێت دەکەوێتە بیری گیرفان پڕکردنی خۆیەوە، گەندەڵی، دزی، که‌ڵکاوەژوو لە بچووکترین پۆستە حوکمی و حکومەتییەکان، بەرتیل و تەواوی ئەو ڕەفتارانەی زیاتر مایەپووچی سیستم دەردەخەن ڕوو لە هەڵکشان دەکات. کۆماری ئاخوندی دوو قۆناغی پێشووی تپەڕاندووە و ئێستا لە قۆناغی سێهەم یانی قوناغی هەڵدێراندایە. تەنیا چاونەترسی و ئیرادەی پۆڵایینی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێرانی پێویستە کە بۆ هەتاهەتایە ئەم سیستمە بەڕەڵڵایە لە گۆڕ بئاخنێت.