کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەقز بەڕێوە ناچێت

12:54 - 19 خاکەلێوه 2720

بە لەبەرچاو گرتنی بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە دەروازەکانی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی سەقز هێشتا ڕەچاو ناکرێت.

قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە سەقز بەتەنیا لە چەند شەقامی سەرەکیی ئەو شارەدا جێبەجێ دەکرێت و بە ھیچ شێوەیەک لە دەروازەکانی شاردا ئەنجام نادرێت.

پلانی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە ھەر سێ دەروازەی شاردا، واتە: "سنە، مەریوان و بۆکان"، لەلایەن ھێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە تەنیا بە شێوەی ڕواڵەتی لەو چەند شوێنە بەرچاو دەکەوێت و ھیچ جۆرە قەدەغەیەک بۆ ھاتن و چوونە دەرەوەی ماشینە خۆجێیی و ناخۆجێییەکان بوونی نییە.

بە وتەی شایەتحاڵان، پشکنینی یاو بۆ خەڵک و دژەگەندکردن بە تەنیا لە پۆلیسڕای "سنە- سەقز" بۆ ماشین و موسافیرەکانی کە دەچنە نێو شار بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بووە و ھیچ جۆرە قەدەغەیەک لە دوو دەروازەی دیکەی ئەو شارەدا نابیندرێت.

 ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەلایەک ھەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەقز، ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی ئەم ڤایرۆسە لەم شارەدا پلەی یەکەمی لە پارێزگای سنە تۆمار کرد.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەھۆی ھەڵکەوتەی جوغرافیایی، ئەم شارە ڕێگای پەیوەندیی نێوان پاریزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ و تەورێزە و بەردەوام قەرەباڵغ بووە و ئێستا ھیچ جۆرە قەدەغەیەکی ھاتوچۆ یان پلانێکی پێشگیری جێبەجێ ناکرێت.

سەرەڕای ئەوەش، هەر چییەک لە سەقز بەرەو شار و پارێزگاکانی دیکە بڕۆی، قەدەغەکردن و پلانی پشکنینی یاو و دژەگەندکردنی ماشینەکان زیاتر و چڕتر دەبیندرێت تا ئەو جێگەیەی کە لە شارەکانی "بۆکان، میاندوواو و بناو و تەورێز"، ئەو ماشینانەی کە بەڵگەی ھاتوچۆی فەرماندارییان پێ نەبێت دەگەڕێندرێنەوە یان جەریمەی قورسیان بۆ دادەنرێت.