کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرزەکانی دەوڵەت بە بانکی ناوەندی بەردەوام زیاد دەکات

16:35 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بانکی ناوەندیی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ئامارێکی نوێ ئاشکرای کردووە کە تا کۆتایی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، ڕێژەی قەرزەکانی دەوڵەتی ڕوحانی بە بانکی ناوەندی گەیشتۆتە ٤٤ هەزار میلیارد تمەن و قەرزەکانی دەوڵەت، کۆمپانیاکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانیش سنووری ٧١ هەزار میلیارد تمەنی تێپەڕاندووە.

بەپێی ئامارێک کە بانکی ناوەندی بڵاوی کردۆتەوە قەرزی بەشی دەوڵەتی بە بانکی ناوەندی لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو، ١١.٨% و بەبەراورد لەگەڵ ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو ٣٤.١% زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، قەرزی بەشی دەوڵەتی بە بانکی ناوەندی لە سەرماوەزی ٩٦دا، ٦٣ هەزار میلیارد و لە ڕەشەمەی هەمان ساڵدا نیزیک بە ٥٣ هەزار میلیارد تمەن بووە؛ هاوکات ڕێژەی نەخدینەییش ٢٢% زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٧٦٤ هەزار و ٥٠٠ میلیارد تمەن.

لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە، ڕێژەی قەرزی دەوڵەت بە کۆی بانکەکانی ئێران لە ٢٦٦ هەزار میلیارد تمەن تێپەڕیوە و کۆی بەشی دەوڵەتی، بڕی ٣٠٢ هەزار میلیارد تمەن قەرزداری سیستمی بانکییە.

هەرچەند ئابووریناسان و شارەزایانی بواری ئابووریی ئێران پێیان وایە کە ئەم ئامارانە درووست نین و کەتواری ئابووریی ئێران زۆر جیاوازترە بەڵام سەرباری ئەوەش ئەگەر ئەم ئامارانە بکەینە پێوەر دەبینین کە دۆخی ئابووریی ئەم وڵاتە بەهۆی ناشارەزایی لێپرسراوانی حکوومەتی چەندە شپرزەیە.

سەبارەت بەم دۆخە ئاڵۆزە چەند ڕۆژ پێش ئێستا حسەین راغفەر ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ  لە لێدوانێکیدا بەبۆنەی هاتنی ساڵیادی شۆڕشی ساڵی ٥٧ وتبووی: "ئەوەیکە ڕوونە دەوڵەت لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجە، بواری بۆ دیاردەی ڕانتخاری خۆش کردووە و ئەمڕۆکە دەبینین کە لە ئەنجامی ئەم پرسە ڕێژەیەکی کەم لە دەسەڵاتبەدەستان کە سەر بە ناوەندە ئەمنیەتی و ئیجراییەکانی حکوومەتن، بوونەتە میلیاردێر و لەبەرامبەریشدا زۆرینەی کۆمەڵگە بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن؛ کەلێنێکی چینایەتی لە ئێراندا درووست بووە کە ئەگەری چاکسازی تێیدا گەلێک زەحمەتە".