کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەزاقستان؛ بەهۆی هەڵکشانی نرخی سووتەمەنی، ناڕەزایەتیی چەند هەزار کەسی بەڕێوە چوو

11:21 - 16 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار خەڵکی "قەزاقستان" بەهۆی هەڵکشانی سووتەمەنی لە خۆپیشاندانێکی کەم وێنەدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی ڕژانە سەر شەقامەکان.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، "قاسم جۆمارت تۆقایۆف" سەرکۆماری وڵاتی "قەزاقستان" لە دژکردەوە بەو خۆپیشاندانانە کە لە گەورەترین شاری ئەو وڵاتە و لە پارێزگای ڕۆژاوای "مانگیس تائۆ"، بە شێوەی توندوتیژ بەڕێوە چوو، بۆ دوو حەوتوو حکوومەتی نیزامیی ڕاگەیاند.

بەپێی ئەو بڕیارەی "جۆمارت تۆقایۆف"، لە کاتژمێر ١١ی شەو هەتا ٧ی بەیانی هاتوچۆ قەدەغە کراوە، هەروەها نابێ خەڵک بە کۆ لەلای یەکتر ڕاوەستن.

سەرکۆماری "قەزاقستان" ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێکدا وتبووی: "دەوڵەت ناڕووخێت و بەگشتیی هێرش بۆ نێو بینا و نووسینگەی دەوڵەتی لەلایەن ناڕازییانەوە نایاساییە".

ئەوە لە حاڵێکدایە کە پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕۆژی سێشەممە بۆ پەرتەوازەکردنی خۆپیشاندەران کە هەزاران کەس بەهۆی هەڵکشانی نرخی سووتەمەنی ڕژابوونە سەر شەقامەکان، لە نارنجۆکی دەنگی و فرمێسکڕێژ کەڵکی وەرگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی "قەزاقستان" ڕایگەیاندووە کە ٢٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەرانسە، ژمارەی خۆپیشاندەرانی ڕۆژی سێشەممە لە شاری "ئالماتی" لانیکەم ٥ هەزار کەس بووە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لە زۆربەی ناوچەکانی "قەزاقستان" ئینتێرنێت پچڕاوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک "واتساپ، تێلێگرام و سیگناڵ" لەکار کەوتوون.

ئەو خۆپیشاندانانە لە ڕۆژی یەكشەممە ١١ی بەفرانبارەوە هەتا ئێستا بەردەوامن.