کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەند و شەکر، تاڵیی بە دوای خۆیدا هێنا

11:17 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شتومەکەکان و بە تایبەتی خواردەمەنییەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرانتر دەبێت و ئەمجارە قەند و شەکر لە بازاڕەکانی ئێراندا گران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە ساڵی ٩٨دا، نرخی شەکر سێ قات زیاتر بووە و نرخی قەندیش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، دوو قات زیاتر بووە.

بە گرانبوونی شتومەک و کەلوپەلەکان لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێراندا خەڵکیش توانای کڕینی کەم دەبێتەوە و بە هەمان شێوەش کێشە کۆمەڵایەتییەکان سەر هەڵدەدەن.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٧دا، نرخی شەکر لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرز بووە و ڕێژیمیش دەستی بە هاوردەکردنی شەکر کرد کە ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ دۆسیەی ١ هەزار و ٥٠٠ میلیارد ڕیاڵی بۆ ئەو کەسانەی شەکریان ئەنبار کردبوو.

بەپێی خودی بڕیاری کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، هاوردەکردنی شەکر بە هۆی بەرهەمی زۆری نێوخۆیی ڕێگە پێ نەدراوبوو، بەڵام مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، دوای ئەوەی کە شەکر گران بوو، ڕێژیم دەستی بە هاوردەکردنی شەکر کرد.

لەو بارەیەوە وەزارەتی جەهادی کشاوەرزیی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە مۆڵەتی هاوردەکردنی ٤٠٠ هەتا ٦٠٠ هەزار تۆن شەکرمان بۆ ساڵی ٩٨ وەرگرتووە.

گرانبوونی شەکر و قەند کێشەیەکی گەورەی بۆ قەنادان و کارگەکانی شیرینیسازی دروست کردووە، بەڵام هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران هەوڵی نەداوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.