کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەندیل تێکۆشەرێکی خۆی لە ئامێز گرت

10:34 - 28 رەزبەر 2720

مام "ڕەحیم پوورئیبراهیم" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا بۆ هەمیشە سەنگەری خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی بەجێهێشت و بیر و هزری نیشتمانپەروەریی بۆ هەمیشە زیندوو مایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، مام "ڕەحیم پوورئیبراهیم" کوڕی "محەممەدشەریف و زیبا" یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی "سۆغانلوو" سەر بە ناوچەی پیرانی پیرانشار لەدایک بووە. ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

مام ڕەحیم لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە شەڕی بەناوبانگی "چیانە" بریندار دەبێت و بە دیل دەگیرێت. داوی بە دیلگیرانی بۆ ماوەی ٢ ساڵ ٨ مانگ لە زیندانەکانی کۆنەپەرەستیدا دەمێنێتەوە.

ئەو پێشمەرگە قارەمانە لە ماوەی زیندانیکرانیدا لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەدا دەبێت بەڵام هیچ کات نهێنییەکانی حیزبی بە دوژمن ناڵێت.

مام ڕەحیم دواتر لە گۆڕینەوەی ئەسیرەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئازاد دەکرێت و دوابەدوای ئازادبوونی پێوەندی بە حیزب دەگرێتەوە؛ ئەمجارە وەک ئەندامێکی نهێنیی حیزب درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدات.

ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی مام ڕەحیم وەک ئەندامی نهێنی ئاشکرا دەبێت و بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ دێڵێت.

 دوای ئاشکرابوونی و گەڕانەوەی بۆ ناو حیزبی دێموکرات جارێکی دیکە چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەکاته شانی و لە ناوەندی ٣ی ئەو کات سازمان دەدرێت.

مام ڕەحیم ئەگەرچی ڕیزی هاوسەنگەرانی بەجێهێشت بەڵام ڕێگا و ئامانجەکەی پڕ ڕێبوار دەبێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو و هاوسەنگەرانی مام ڕەحیم دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.