کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەڵتوبڕ و سوتاندنی دارستانەکان، ژینگەی کوردستانی بەرەو وێرانی بردووە

12:22 - 28 خاکەلێوه 2722

کاوڵکاری و تێکدانی ژینگەی کوردستان لەلایەن کەسانی هەڵپەرست و بەرژەوەندیخواز مەترسییەکی گەورەی بۆ ژینگەی کوردستان دروست کردووە.

لە نوێترین حاڵەتدا، لەسەر ڕووباری ڕێگای مەهاباد- سەردەشت کەسانی هەڵپەرست دارێکی زۆریان بڕیوە کە ژینگەی جوانی ئەو ناوچەیەیان تێک داوە.

دارەکانی سەر ئەو ڕووبارە کە دیمەنێکی جوانیان بەو ناوچەیە بەخشیبوو، بە بڕینەوەیان سروشتی سەر ڕووباری سەر ڕێگای مەهاباد- سەردەشت کە شوێنی ڕووتێکردنی گەشتیارانیشە تێک چووە و ئەمە دەنگی ناڕازیی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە.

لە مەریوان کە چەندین ساڵە دارستانەکانی کەوتووەتە بەر پەلاماری کەسانی هەڵپەرست و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمەوە، ئەمجارە لە ئاوایی ''گێڵی کەران'' کەسانی بەرژەوەندیخواز دار بەڕوویەکی زۆریان بڕیوە و خەسارێکی قرەبوونەکراویان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

هەروەها لە بانە کەسانی دژە ژینگە لە هەوڵێکی زۆر ناحەز و کاوڵکارانەدا ئاگریان بەر داوەتە دارستانەکانی گوندی ''کانیسووری سەر بە بەشی کێلێ و نەنۆر'' کە دواتر لەلایەن کەسانی دڵسۆز و ژینگەدۆستەوە ئاگرەکە کوژایەوە و زیانێکی زۆر وەبەر دارەکان گەیشتووە.