سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەقزدا، پیسبوونی ئاوی هەندێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارەش قەیرانێکی جیددییە کە هەڕەشە لە گیانی خەڵک دەکات.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە خەڵکی کوردستانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە .
سەقز یەکێک لەو شارانەیە کە ڕێژەی گیرۆدەبوونی خەڵک بەم نەخۆشییە لە ئاستێکی بەرزدایە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند کەسێک بەهۆی ئەم نەخۆشینەوە گیانیان لەدەست داوە .
سەرەڕای هەمووی ئەمانە ئاوی خواردنەوەی ئەم شارە یەکێک لە خراپترین ئاوەکانە و ڕێژیم ئیزن نادات بە گوێرەی پێویست خەڵک لە ئاوی بەنداوەکانی "چراغ وەیس" و "لەگزی" کەڵک وەربگرن .
خەڵکانێکی زۆر لەم شارەدا بەهۆی پیسیی ئاوی خواردنەوە تووشی نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشیگەلی جۆراوجۆری چڵکی بوونە.
لەم ڕۆژانەدا ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی "حەماڵاوای سەروو" و "حەماڵاوای خواروو"، "تازاوا"، "شارەکی جاقل" و "کەریم ئاوا"، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لێڵ بووە و سەرەڕای پەیوەندی گرتنی خەڵکی ئەم گەڕەکانە بە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری سەقزەوە هێشتا ئەم گرفتە لەم کاتە هەستیارانەدا چارەسەر نەکراوە .
پیسیی ئاو لە کاتێکدایە کە زۆربەی خەڵک بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە ماڵەکاندان و لە هەموو شتێک زیاتر پێویستییان بە ئاوی خاوێن هەیە.
ماوەی چوار ڕۆژە دۆخی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی شاری سەقز بەو شێوازەیە و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی نادرێت و پێشتریش ئەم دۆخە ڕووی داوە کە خەڵک ناچار بوونە ڕوو لە کانیاوەکان بکەن.