کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئابووری شارەکە پیشەیییەکانی ساوەشی گرتەوە

11:13 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، بەتاڵبوونی سندووقی ماڵیی کارخانەکان و هەروەها ناتوانی کارخانەکان بۆ دابینکردنی مەوادی سەرەتایی و دانی پارەی مانگانە بە کرێکارەکانیان، زۆربەی کارخانەکانی شارەکە پیشەیییەکانی ساوە بەرەو داخران دەڕۆن.

بەرپرسی دەفتەری کرێکارانی ساوە ڕایگەیاندووە، کە کرێکارانی ٣٥ کارخانەی شارەکە پیشەیییەکانی ساوە بۆ چەندین مانگە کە هیچ پارەیەکیان وەرنەگرتووە و زیاتر لە ٣٠ کارخانە لەو شارەکە پیشەیییانە بە هۆی قەیرانی ئابووری بەرەو داخران دەڕۆن.

بە وتەی داود میرزایی، بە هۆی نەبوونی مەوادی سەرەتایی کارخانەکان و بەتاڵبوونی سەندووقی کارخانەکان، زۆربەی کارخانەکان دەستیان داوەتە دەرکردنی کرێکارەکانیان.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "لەو شارەکە پیشەیییانە زیاتر لە ٣٥ کارخانە کرێکارەکانیان لە نێوان ٢ هەتا ١٠ مانگە کە پارەیان وەرنەگرتووە"، میرزایی ڕایگەیاندووە: "پارەی کرێکارێکی ئاسایی بەشی ژیانی بنەماڵەیەک ناکات، ئێستا ئەو کرێکارەی کە پارەی پێ نادەن دەبێ چۆن بژیت، هەر بەو هۆکارە ژیانی زۆرێک لە کرێکارەکان لێک هەڵوەشاوەتەوە".

کێشەگەلی وەک نەبوونی مادەی سەرەتایی کارخانەکان، مایەپووچبوون و وەدەرنانی کرێکاران تەنیا کێشەی کارخانەکانی شارەکە پیشەیییەکانی ساوە نییە، بەڵکوو کێشەی هاوبەشی هەموو کارخانەکانی ئێرانە کە هەتا دێت کێشەکان قووڵتریش دەبنەوە.

کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەستپێکردنەوەی گەمارۆوەکان بۆسەر ڕێژیمی ئێران، بە پێچەوانەی تێڕوانین و ئیدعاکانی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری داناوە و ئابووری ئەو ڕێژیمەی بە یەکجاری بەرەوڕووی داڕووخان بردووە.