
بەرپرسانی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە دزی پلەی یەکەمی ئەنجامدانی تاوانی لە ئێراندا هەیە و ساڵانە یەک ملیۆن کەس بەو هۆیەوە دەسبەسەر دەکرێن. بەشێک لە دزییەکان بە ڕۆژی ڕووناک دەکرێن.
لەم پەیوەندییەدا پۆلیسی لوڕستان ڕایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی ٤٥ ڕۆژدا ١٢٠٠ کەسیان بە تۆمەت یان تاوان دزیکردن دەسبەسەر کردووە. فەرماندەی پۆلیسی تارانیش ڕایگەیاندووە، دزیکردن بنبڕ ناکرێت تاوەکوو دۆخی دارایی خەڵک باشتر نەکرێت.
هاوکات لەگەڵ خراپتربوونی ڕەوشی ئابووری، دزیکردنیش زیاتر بووە. هەڵاوسان، بێکاری و ڕێژەی گەشەی ئابووری پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە دیاردەی دزییەوە هەیە.
پێشتر فەرماندەی پۆلیسی تاران وتبووی، دیاردەی دزی بە دەسبەسەرکردنی دزەکان و تەنانەت نیشاندانیان لە ڕاگەیاندنەکانەوە بنبڕ ناکرێت و هەتا کاتێک کە ڕەوشی ئابووری و دۆخی دارایی خەڵک باشتر نەکرێت، ئەو جۆرە هەوڵانە تەنیا ژانبڕێکی کاتییە.