کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو لە ئێران زیاتر دەبێت و مافیای ئاو پەرە دەستێنێت

12:22 - 10 رەشەمه 2720

شیرکەتی ئەندازیاریی ئاو و ئاوەڕۆی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە بۆ هاوینی ساڵی داهاتوو قەیرانی ئاو زیاتر دەبێت و کەمبوون و نەبوونی ئاو لە زیاتر لە ٢٠٠ شاردا پەرە دەستێنێت.

"حەمیدڕەزا کاشفی" جێگری ڕێکار و چاوەدێری بەسەر بەهرەبەرداریی شیرکەتی ئەندازیاریی ئاو و ئاوەڕۆی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "بۆ هاوینی ساڵی ١٤٠٠ هێشتا ڕێژەی ئەو شارانەی کە قەیرانی ئاویان هەیە دیاری نەکراوە و دەبێ بزانین تا کۆتایی ساڵ ڕێژەی باران بارین چەندە دەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ڕێژەی ئەو شار و گوندانەی کە قەیرانی ئاویان دەبێت زۆرتر دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەو ڕێژەیە بگاتە زیاتر لە ٢٠٠ شار".

ڕاگەیاندنی قەیرانی ئاو لە زیاتر لە ٢٠٠ شاردا لە ئێران لەحاڵێکدا ڕادەگەیەندرێت کە پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاو و سیاسەتەکانی بەنداوسازی ساڵیانێکە بە پاساوی چارەسەریی کێشەی ئاو لە ئێران بەڕێوە دەچێت.

ئەو پرۆژانە نەتەنیا یارمەتییەک بە چارەسەریی ئەو کێشانە نەگەیاندووە، بەڵکوو بووەتە هۆی بەدیهاتنی کێشە لەنێوان ئەو ناوچانەی کە ئاو لەنێوانیاندا دەگوازرێتەوە.

هەروەها پرۆژەکانی بەنداوسازی کە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران بە مەبەستی گەیاندنی ئاو بۆ ناوەندی ئێران بەڕێوە چوونە، بووەتە هۆی نەبوونی ئاو لە زستاندا و بەپێچەوانەوە لافاوگەلی ماڵوێرانکەر لە هاوین و بەهاردا.

ئەو پرۆژانە کە لەژێر دەستی "مافیاکانی ئاو" بەڕێوە دەچێت و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ ناوەندە نیزامییەکان و ڕێبەریی ڕێژیمدا هەیە، لە حاڵێکدایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئیتر بەکار ناهێنرێن و بەنداوە کۆنەکانیش لەنێو دەبرێن.