کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو لە ئێران و کوردستان بەرەو کوێ دەچێ؟

00:32 - 7 بانەمەڕ 2722

هیوا کوردی

بەپێی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕان لە ساڵی ۱٤۰۱ لە ئێران ۳۰۰ شار ئاوی زۆر کەمیان دەبێ. ڕاستە لە وشکەساڵیدا ئاو کەم دەبێ بەڵام ئەگەر شێوەی بەڕێوەبەریی بەکارهێنانی ئاو بە باشی جێبەجێ بکرێ ئاوی خواردنەوە، ئاوی کشتوکاڵ و پیشەسازی بەپێی پێویستی و نیاز دابەش دەکرێ و لەم چوارچێوەیەشدا چاڵاوەکان نەک بەشێوەی گۆترەیی بەڵکوو دوای لێکۆڵینەوەیەکی پسپۆرانە و زانستی لێدەدرێن و بەنداوەکانیش بە لەبەرچاوگرتنی زەرەر و زیانەکانی هەڵدەبەسترێن.

لە ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و گەندەڵی وەک کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ قەیرانی بەڕێوەبەریی، وێڕای قەیرانی مەشرووعییەت و ڕەوایی بەرەوڕووە، ئەوەی ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە بەڕێوەبەرییەکی زانستی و پسپۆڕانەیە بۆ کەرتی گرینگی ئاو و ئەمەش وای کردووە کە ئەمڕۆکە قەیرانی ئاو ببێتە مەزنەقەیرانێک کە بە دوور نازانرێت دواجار تراژێدیای ئینسانی و ژینگەیی لێ بکەوێتەوە.

ئەوەی ڕوونە ڕێگاچارەی قەیرانی ئاو بە بەڕێوەبەریی دێمەکی ناکرێ و بە دروشمی بێبنەما جێبەجێ نابێ. بەڕێوەبەری لەبواری جۆراوجۆردا ئوسوول و بنەمای زانستی هەیە و پێویستی بەهەست بە بەرپرسایەتی کردن سەبارەت بە خەڵک هەیە. سەرەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندییانە پێویستی بە چاوەدێری خەڵک و وڵامدەربوون بە خەڵک هەیە کەچی هیچ لەو تایبەتمەندییانەی ئاماژەیان پێکرا، لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بوونیان نییە.

بەڕێوەبەری نابەرپرسانە، تێکەڵ لەگەڵ‌ گەندەڵی و هەروەها وڵامدەرنەبوون لەبەرانبەر خەڵک لە تایبەتمەندییەکانی شێوەی بەڕێوەبەری لە کۆماری ئیسلامین کە بەداخەوە ئەو تایبەتمەندییە نەرێنییانە بە تێپەڕینی کات و بەرەبەرە شۆڕ دەبێتەوە بۆ نێو خەڵک و بە دووپاتەبوونەوەیان دەبنە نەریتێکی ئاسایی بۆیە قەیرانی بنەڕەتی ئاو کە شوێنەوارەکانی لەسەر هەموو جمگەکانی ژیان وەدەر دەکەوێ نەتەنیا چارەسەر نابێ، بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر و زۆرتر قوڵ دەبێتەوە.

قەیرانی ئاو پێویستی بە بەڕێوەبەرییەکی باش هەیە. کۆماری ئیسلامی بۆ قەیرانی ئاو تەنیا بیر لە شێوەی دابینکردنی ئاو بە سەقەتی دەکاتەوە و پێیوایە بەهەندێک کاری ڕووکەشیانەی وەک پڕکردنەوەی چاڵاوەکان، لێدانی نازانستییانەی بەنداوەکان و... دەتوانێ کێشەکە چارەسەر بکات بەڵام ئەوەی گرینگە شێوەی بەڕێوەبەری زانستی و پسپۆڕانەی مەسرەف و بەکارهێنانی ئاوە. کەچی ئەوەی کەمتر بیری لێ دەکاتەوە و ڕێگاچارەی بۆ دەدۆزێتەوە شێوەی مەسرەفی ئاوە.

٩٠٪ی ئاوی ئێران لە کەرتی وەرزێڕیدا بەفیڕۆ دەچێ. دیارە کشتوکاڵ وەک یەکێک لە سەرەکیترین کەرتە ئابوورییەکان دەبێ و پێویستە کە ئاوی بۆ دابین بکرێت بەڵام نەک ٩٠٪!

بەر لە هەموو شتێک دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە کەچی لە ئێراندا زۆر گوند بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە چۆڵ بوونە کەواتە ئەم شێوازە لە دابەشکردنی ئاو لە بنەڕەتدا هەڵەیە؛ ئەم چۆڵبوونەی گوندەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی دەشتی کاکی بەکاکی  و زیادبوونی تۆز و خۆڵ لە هەوادا و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان؛ بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە جیاتی لێدانی بەنداوی ناپسپۆڕانە و نازانستی بیرێکی زانستی و سەردەمیانەی لە قەیرانی ئاو کردبایەوە و بەڕێوەبەرایەتیی مەسرەفی ئاوی بە باشی جێبەجێ کردبا ئێستا لەگەڵ ئەم کێشە گەوەرەیە بەرەوڕوو نەدەبووین.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری ئێران خاوەن ئاوی زیاترە بەڵام خەڵکی کوردستان زیاتر لە ناوچەکانی تر لەگەڵ قەیرانی ئاو بەرەوڕوون. هۆکارە سەرەکییەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێژیم لە چوارجێوەی سیاسەتی زەوی سووتاویدا کەمترین سەرمایەی بۆ مەسرەفی ئاو بەشێوەی زانستی و پسپۆڕانە لە کوردستان تەرخان کردووە و بەهۆی گەندەڵی ئیدارەکانی پێوەندیدار بە ئاو بە تایبەت ئیدارەی ئاودێری، چاویان لە هەڵقەندنی زۆر چاڵاوی نایاسایی داخستووە. هەر ئەمەش وای کردووە کە زۆرجار کێشەی ئاوی نێوان گوندەکانیان بۆ چارەسەر نابێ و بە بڕیاری هەڵە و کرداری نەشیاویان دەبنە هۆکاری گەورەتربوونەوەی کێشەکان و زۆرتر دووبەرەکی ساز دەکەن.

لەگەڵ هەموو ئەم ئازارانەش دەبینین کە سپای تێرۆریستی پاسداران، مافیای ئاوی پێکهێناوە و دەستی بە تاڵانکردنی ئاوی کوردستان کردووە کە ئەمە بۆتە هۆی قەیرانی ژینگەیی لە کوردستان و بەشێکی زۆر لە وەرزێڕانی کوردستانی لە ئاو بێبەش کردووە کە نموونە بەرچاوەکانی دەتوانێ گواستنەوەی ئاوی شارەکانی کوردستان بۆ شارە پیشەییەکانی ئێران لەوانەش تەورێز و قەزوێن و ئەراک و ئیسفەهان بێت کە ئاوی چۆمەکانی وەک سیروان، کەڵوێ، جەغەتوو، خوڕخوڕە، سارۆقامیش و چەمی سەقز بە دەسکاری کردنی ڕێڕەوی ئاوکان و دروستکردنی کاناڵ دەگوازنەوە بۆیان تاکوو خەڵکی ئەم شوێنانە کەڵکی لێوەربگرن و بەشی سەنعەتیشیانی پێ ببووژێننەوە.

ئەم شێوازە لە بەڕێوەبەریی ئاو و سەدسازی نازانستی و زۆروبۆر، ژینگەی کوردستانی لەگەڵ مەترسی زۆر گەورە بەرەوڕوو کردووە که لەگەڵ ڕەخنەی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان بەرەوڕوو بووەتەوە بەڵام وەک دەبینین وڵامیان بە زیندانی کردن و هەڕەشە و گوڕشە دەدرێتەوە.

ئەمە ئەو کەتوارە تاڵەیە کە هەمووان دەبێ وەک خۆی درکی پێ بکەن و هەر کەسەو لە شوێنی خۆیەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بدات دەنا لە غەیری ئەم پەرچەکردارانە دەبێ خاترجەم بین کە لە داهاتوودا ژینگەیەکمان بۆ نامێنێتەوە کە تێیدا بژین.