کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو گەرووی ئیلام وشک دەکات

13:25 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە گوندەکانی بەشی "هلیلان"، خەڵکی ئەو ناوچەیەی تووشی کێشە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراو لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، کێشەی کەمئاوی لە بەشی "هلیلان" سەر بە "شاری چارداوڵ"، کە یەکێک لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی پاریزگای ئیلام بە هەژمار دێت، ژیانی لە خەڵکی گوندەکانی ئەو بەشە تاڵ کردووە و بووەتە کێشەیەکی سەرەکی، کە لە خراپترین حاڵەتدا بووەتە هۆی بەدیهاتنی دیاردەی کۆچڕەوی بۆ شارەکانیش.

هاوڵاتییەکی یەکێک لە گوندەکانی بەشی "هلیلان"، بە ناوی "چەمی زەرد ماهیزان"، باسی لە گوزەرانی تاڵی خەڵکی ئەو گوندە لە کەمئاویدا کردووە و هەروەها، بە ئاماژەدان بە پچڕانی چوار ڕۆژەی ئاوی ئەو گوندە، ئەو ڕووداوەی وەک کەمکاری و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم ناو بردووە.

نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکدا، کۆمەڵێک دیاردەی جیاواز بە دوای خۆیدا دینێت، کە کۆچڕەوی، پەراوێزنشینی، بێکاری و کۆمەڵێک کێشەی دیکە لە سەرەکیترینی ئەو دیاردانە بەهەژمار دێن.

بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگاکانی کوردستاندا ئەوپەڕی کەمتەرخەمی دەنوێنن و بە ئامانجی قڕکردنی سیستماتیکی خەڵک و تێکدانی ژیانی ئاسایی خەڵک، هیچ ئاوڕێکی کردەیی لە دۆخی نالەباری خەڵک نادەنەوە و بە وادە و بەڵێنیی پووچەڵ خۆیان لە ڕەخنە و گازندەکان دەرباز دەکەن.