کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی بێئاوی یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی خەڵکی شاری "خۆیـ"ـە

11:56 - 1 سەرماوەز 2720

سەرەڕای بوونی قەیرانەگەلێکی وەک ئابووری، گرانی، هەژاری و بێکاری لە کوردستان و ئێران، خەڵکی شاری "خۆی" لە پارێزگای "ورمێ" کێشەی بێئاوی بەسەر ژیانیانەوە قورسایی دەکات.

خەڵکی  "خۆی" بەنیسبەت کێشەی بێئاوییەوە ڕایانگەیاندووە: "شارەداری نەک هەر لە بیری چارەسەرکردنی کێشەی بیئاویی خەڵک نییە، تەنانەت ئاوی پارک و فەزا سەوزەکانی شاریش بە ئاوی خوادنەوە ئاودێری دەکات".

خەڵکی "خۆی" هەروەها باسیان لەوە کردووە: "شارەداریی خۆی ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە کێشەی بێئاوی و بۆ بنبڕکردنی ئەو گرفتە نەک هەر یارمەتیدەر نییە بەڵکوو لە قووڵتربوونی کێشەکەدا خۆی تاوانباری سەرەکییە".

شارەداریی "خۆی" بە ئاودێریکردنی پارک و فەزا سەوزەکانی ئەو شارە، ٢٦ هەزار بەرابەری دەفرایەتیی ئاوی خواردنەوەی پێویست بۆ هەر بنەماڵەیەک ئاو بەکار دێنێت.

سەرەڕای دەوڵەمەندبوونی پارێزگاکانی کوردستان لە بواری ئاوەوە، زۆربەی شارەکانی کوردستان کێشەی بێئاوییان هەیە و لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئاوی شارە کوردستانییەکان بۆ شارەکانی دیکەی ئێران ڕادەگوێزرێت.