کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی سیاسیی عێراق درێژەی هەیە

11:40 - 12 رەشەمه 2719

 جارێکی دیکە پارلمانی عێراق لە پێکهێنانی دەوڵەت شکستی هێنا و سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

"محەممەد تۆفیق عەلاوی"، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی ڕەشەمە، پاش شکستهێنانی دووبارەی پارلمانی ئەو وڵاتە لە پێکهێنانی دەوڵەت و ناڕەزایەتیی ملیۆنیی خەڵکی عێراق، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە زنجیرە تویتێکدا لە لاپەڕەی کەسیی خۆیدا نووسیویەتی: "لە بارودۆخێکدا بووم کە ناچاریان کردبووم بە مانەوە لەو پۆستەدا، بەڵام بەبێ ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵک و بەردەوامیی کار بە سەپاندنی ڕەنج بەسەر خەڵکدا".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "هەڵبژاردن ئاسان و ڕوون بوو؛ مانەوە لە پەنای میللەتی بەتاقەت و بەتایبەت کاتێک کە دەمبینی هەندێک لایەنی سیاسی سەبارەت بە چاکسازی و پێبەندبوون بە بەڵێنییەکانیان لەگەڵ خەڵکدا ڕاستگۆ نین و لەمپەر لەبەردەم پێکهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە بۆ خەڵک کار بکات دادەنێن".

"عەلاوی" داوای لە خەڵکی عێراق کردووە کە بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی مەدەنییانە درێژە بە گوشارهێنان بدەن، چونکە هەندێک لایەنی سیاسی سەبارەت بە بابەتی چاکسازی لەگەڵ خەڵک ڕاستبێژ نین.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها دەریخستووە کە گوشارگەلێکی زۆری سیاسی کەوتووەتە سەری تا بەرنامەگەلێکی دیاریکراو لە دەوڵەتی عێراقدا بەڕێوە ببات کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەدا نەبووە.

خەڵکی خۆپیشاندەری عێراق هەروا لەسەر داوا سیاسییەکانیان بەردەوامن و خوازیاری گەڕانەوەی سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان بۆ وڵاتەکەیانن و هەروەها بەڕوونی داوای کۆتایی پێهێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا دەکەن.