کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ڕەوایی و تێکڕووخانی حکومەتە نادێموکراتیکەکان

23:22 - 6 گەلاوێژ 2722

شەماڵ تەرغیبی

مێژووی سیاسیی گەلانی جیهان و کۆی ئەو هەوراز و نشێوانەی کە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دنیا ئەزموونیان کردووە، بەتایبەت ئەو بەشە لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کە چارەنووسی نەتەوە جۆربەجۆرەکانی سەر گۆی زەوی خستووەتە ڕوو، دەری دەخەن و سەلماندوویانە کە هۆکاری سەرەکی تێکڕووخانی حکوومەتە نادێموکرات و ناخەڵکییەکان و کۆتاییهاتن بە تەمەنی دەسەڵاتیان لەڕاستیدا نەمانی ڕەوایی و پێگەی کۆمەڵایەتی بووە.

ڕاستە کە زۆر فاکتەر لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتێکدا دەور دەگێڕن و شوێندانەری دادەنێن لەوانەش فاکتەرە ئابوورییەکان، فاکتەرە سیاسییەکان، فاکتەرە دەرەکی و نێوخۆیی و ژینگەییەکان بەڵام خاڵی جەوهەری و فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ نەمانی حکومەتێک بریتییە لە قەیرانی نەمانی ڕەوایی کە هەر کام لە فاکتەرەکانی دیکە دەتوانن نەخشی هاندەرانە بگێڕن.

بەپێی زانستی سیاسیی نوێ، کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت یان حکومەتێک کە تووشی قەیران دەبن و دواجار تێکڕووخان و داڕمان بەدوای خۆیاندا دەهێنن بریتین لە:

. زاڵێتی، دەسەڵات و زۆرەملی

. ئایدیۆلۆژیی ڕەواییهێنەرانە

. دابینکردنی خزمەتگوزاری و کارکردە گشتییەکان

. گەرەنتیکردنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی چینی زاڵ یان توێژی نیزیک لە دەسەڵات

بە دیوێکی تریدا هەر کام لەم چوار کۆڵەکە ئەگەر تووشی قەیران ببن، بەستێنەکانی داڕووخان لە نێو سیستم خۆش دەکەن کە ئەو قەیرانگەلە بریتین لە:

. قەیرانی سوڵتە و دەسەڵات

. قەیرانی ڕەوایی

. قەیرانی کارامەیی

. قەیران لە سازکردنی هاوپێوەندیی چینی باڵادەست

 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا داڕووخانی ڕێژیمە نادێموکراتییەکان پێویستیی بە بوار یان بەستێنی کۆمەڵایەتی هەیە کە ئەوانیش دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێن بکەین:

بەرزبوونەوەی بەرچاوی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان
سازماندانی ناڕەزایەتی و ئێعترازەکان
چییەتی کۆمەڵایەتی و ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی بەرخودان و بزاڤی بەرهەڵستکارانە
زاڵکردنی ئایدیۆلۆژی و بیری خۆڕاگری

کەواتە داڕووخانی ڕێژیمە نادێموکراتیکەکان ئاکام و دەرنجامی لێکئاڵانی ٨ فاکتەرە: ناڕەزایەتیی جەماوەری کە دەبێتە هۆی ئێعترازی بەربڵاو و گشتیی خەڵک و ئەمەش هێزە گۆڕانخوازەکانی کۆمەڵگە وەجووڵە دەخات وێڕای هەبوونی ئایدیۆلۆژیی یەکانگیر لەگەڵ فەرهەنگی گشتیی کۆمەڵگە و سازماندانی ڕوون و کارامەی ئێعترازە گشتییەکان و ڕێبەریی متمانەپێکراو کە بتوانێ متمانەی گشتیی بۆ خۆی ڕابکێشێ، پێکەوە دەتوانن کەژاوەیەکی ڕزگاریدەر چێ بکەن کە دەتوانێ ئێعترازەکان بگوازێتەوە و چینە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگە لە دەریای تۆفانی دیکتاتۆرییەت بگەیەنێتە کەناراوە ئارامەکان کە ئەم کەژاوە لە ئاکامی قەیرانی هاوپێوەندی و قەیرانی کارامەیی و قەیرانی ڕەوایی و قەیرانی دەسەڵات و سوڵتە پێک دێت و دواجار دەبێتە هۆکاری تێکڕووخانی ڕێژیمی نادێموکراتیک.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هاوکێشە سادە سیاسییە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ئەگەر خوازیاری گۆڕان لە ئێراندا و نەمان و نەهێشتنی دیکتاتۆریەتی زاڵ لە تارانین هیچ ڕێگایەکمان نییە جگە لە سازکردنی ئەو کەژاوەی کە ئاماژەی پێ کرا؛ کەژاوەیەک کە بەگوێرەی بینراو و بیسراوەکانی نێو کۆمەڵگای ئێران لانیکەم بەشێک لە توخمە پێکهێنەرەکان بۆ چێکردنی ئامادەیە؛ هەم ناڕەزایەتیی گشتی، هەم کەمبوونەوە و نەمانی ڕەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

ئەوەیکە دەمێنێتەوە تا پازڵی داڕووخاندن و هەڵتەکاندنی ڕێژیمی زاڵ، کامڵ بکات بریتییە لە ئیرادەیەکی لێبڕاو کە نەهێشتنی دەسەڵاتی زاڵ لە سەرەتیی کارەکانیدا بێت تاکوو چیدیکە خەڵک بینەر و شاهێدی زێدەخوازییە سەربازی و سیاسییەکانی دەسەڵاتی ناڕەوای تاران نەبن کە بە نرخی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانێکی وەک لوبنان و پڕچەککردنی گرووپە میلیشیاییەکان، خەڵکانی ئێران لەسەر شەقامدا دزی، سواڵ و لەشفرۆشی دەکەن و ڕۆژانە هەژاری ڕەها ئەزموون دەکەن.