کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان دۆخێکی مەترسیداری پێک هێناوە

17:43 - 23 گەلاوێژ 2721

شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەستێنێت، ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەو نەخۆشییە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی، ئەوە لە حاڵێکدایە نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمیی تەخت و پێداویستیی دەرمانی بەرەوڕوون و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هیچ گرینگییەک بەو دۆخە نادەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە کە لە شاری تیکاب خەڵکێکی زۆر تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە و ئەوە لە حاڵێکدایە نەخۆشخانەی ئەو شارە لەگەڵ کەمیی پێداویستی بەتایبەت کەمیی تەخت بەرەوڕووە، بە شێوەیەک کە شوێنێک بۆ خەواندنی تووشبووان نییە و نەخۆشەکان لە سالۆن و ڕێڕەوی نەخۆشخانەدا ڕادەگەرن.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد، کاربەدەستانی ڕێژیم بە جێگای ئەوەیکە چارەیەک بۆ ئەو دۆخە ببیننەوە بە تێچوویەکی زۆرەوە خەڵک هان دەدەن کە لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی عاشوورا بەشداری بکەن.

ئەو دۆخە بە شێوەیەک قەیراناوییە کە لە شاری ''دووروود'' سەر بە پارێزگای لوڕستان بەهۆی نەبوونی تەخت لە نەخۆشخانەی ئەو شارە خەڵک ڕژاونەتە نێو نەخۆشخانە و لەسەر تەخت بۆ نەخۆشەکانیان بە قەمە لەگەڵ یەکتر بەشەڕ دێن.

هەروەها شارەکانی دیکەی ئێران بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە دۆخێکی قەیراناویدا بەسەر دەبەن و بە شێوەیەکە کە بەهۆی کەمترخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

 لە شاری مەشهەد ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست دەدەن، بە شێوەیەک کە لە ساردخانەی نەخۆشخانەکان جێگای تەرمەکان نابێتەوە.

سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارە و ئاماری فەرمیی بێ وێنەی کۆرۆنا لە ئێران، چەند ڕۆژ لەمەو پێش''عەلی خامنەیی'' لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی مەزهەبی جەختی کردبووەوە و وتبووی: ''ئێران پێویستی بەو ڕێوڕەسمە پڕ بەرەکەتانە هەیە''.