کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کۆرۆنا و کەمتەرخەمیی ڕێژیم بووەتە هۆی سەرلێشێواویی خەڵکی کوردستان

16:48 - 14 رەشەمه 2719

داخرانی ئیدارەکان و دوکان و بازاڕ و کەمتەرخەمیی ڕێژیم و نەبوونی پێداویستییەکان، بووەتە هۆی سەرلێشێواویی خەڵک و نیگەرانییان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێشگرتن بە نەخۆشیی کۆرۆنا.

بەپێی ڕاپۆرتی هاووڵاتییەک سەبارەت بە دۆخی سەقز، ئەو شارە بە شێوەیەکی بەرچاو داخراوە و دوکانەکانی نێو بازاڕ بە تەواوەتی داخراوە.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوە کردووە: "شێوازی کاریی زۆربەی ئیدارەکانی نێو شار بووە بە ڕۆژ نە ڕۆژێک بۆ کارکردن، بۆ نموونە: ئیدارەیەک کە ١٠ کەس پێرسۆنێلی هەیە ٥ کەسیان ئەمڕۆ کار دەکەن و ٥ کەسی دیکەیان ڕۆژی دواتر و ئێمەش کارەکەمان داخستووە تاکوو ڕوون بوونەوەی ئەم دۆخە".

بانکەکان کاتژمێری کارییان بووەتە ٨ و نیو تاکوو ١٢ و نیو و هەروەها بڕیار وایە کە تەنیا شوێنەکانی وەکوو دەرمانخانە و پێداویستییە خواردەمەنییەکان کراوە بن.

لە کاتێکدا پێداویستیی خەڵک لە دەرمانخانەکان، دەمامک و دەستەوانە و مەوادی پاککەرەوەیە کە ئەمانە بە هیچ جۆرێک پەیدا نابێت و بۆیە ئەو دەرمانخانانەش داخراو بێت باشترە چون ناتوانن پێداویستیی خەڵک دابین بکەن.

ڕێژیمی ئێرانیش لەم دۆخە هەنووکەییەدا زۆر کەمتەرخەمە و دەبوایەت لەم کاتەدا ئەو پێداویستییانەی بەخۆڕایی بە خەڵک دابات، بەڵام بە پارەیەکی زۆریش دەست ناکەوێت.

خەڵک تووشی سەرلێشێواوییەکی زۆر بوونە کە نازانن لەم بارودۆخەدا چۆن بەرگری لەو نەخۆشییە بکەن.