کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەم ئاوی/ ٢٠٠ شاری ئێران لەگەڵ وشکەساڵی بەرەڕوون

18:21 - 1 بانەمەڕ 2721

''ئەحەد وەزیفە'' بەرپرسی ناوەندی وشکەساڵی و بەڕێوەبەری قەیران لە ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران، بە ئاماژەدان بە دابەزینی ٤٣ لەسەدیی ڕێژەی بارینەکان بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو، باسی لە وشکەساڵیی توند و کەم وێنە لە ئێران کردووە.

ناوبراو وتوویەتی کە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا تەنیا ١١٣ میلیمیتر لە ئێران باران باریوە کە ٤٣ لەسەد کەمترە و بە وشکەساڵی دێتە ئەژمار.

''ئەحەد وەزیفە'' باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا پارێزگاکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران لە دۆخی قەیرانی بێ ئاوی دان و دابەزینی بارینەکان دەتوانێت لەسەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوە کاریگەریی خۆی نیشان بدات.

هەر لەوبارەوە، پێوەندییە گشتییەکانی شیرکەتی ئاوی پارێزگای سنە وتوویەتی، ڕێژەی نێونجی بارین لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەو پارێزگایە ١٥ میلیمیتر بووە کە ئەو ڕێژەیە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٨٣ لەسەد دابەزیوە.

''ئاریا نژاد'' باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ئاویی ٤٠٠ -٩٩ ڕێژەی باران بارین لەو پارێزگایە بەگشتی  ٢٨٧ میلیمیتر بووە کە بەنیسبەت ساڵی ئاویی ڕابردوو ٢٨ لەسەد دابەزیوە.

هەروەها بەڕێوەبەری کاروباری ئاو و ئاوەڕۆی شارستانی ڕوانسەر وتوویەتی: "بە سەرنجدان بە دابەزینی بارینەکان، ئێستا شارەکانی ڕوانسەر و شاهۆ و گوندەکانی سەر بەو شارستانە لە چرکەیەکدا ٩٠ لیتر کەمیی ئاویان هەیە".

ناوبراو وتوویەتی، لە ئێستادا ٢٣ گوندی ئەو شارە بەهۆی کەمیی بارینەکان لەگەڵ قەیرانی بێ ئاوی بەرەوڕوون و ڕێژەی ئاوی کانییەکان ٥٠ لەسەد دابەزیوە.

قەیرانی ئاو لە شارەکانی کوردستان و ئێران لە حاڵێکدا ڕادەگەیەندرێت کە پرۆژەکانی ڕاگواستنی ئاو و سیاسەتی بەنداوسازی چەندین ساڵە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بێ ئاوی بەڕێوە دەچن، بەڵام نەتەنیا هیچ کێشەیەکی چارسەر نەکردووە، بەڵکوو کێشەی دیکەشی خولقاندووە.