![](/content/upload/1/news/photo-2018-05-17-14-30-48_w920.jpg)
کوردستان میدیا: لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە بواری کەمئاوی لە قەیراندان و خەڵک لە ئاوی خواردەمەنی خاوێن بێبەشن.
قەیرانی کەمئاوی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان وای کردووە، کە لە چەندین شاری ئەو پارێزگایە ئاو جیرەبەندی ببێت و خەڵک لە ماوەی شەو و ڕۆژدا تەنیا چەند کاتژمێرێک ئاوی خواردەمەنییان هەیە، شارەکانی چابەهار و کنارەک لەو پارێزگایە زۆرترین کێشەیان هەیە و خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست، دەستیان بە هەڵکەندنی بیری ئاو کردووە.
بەناو نوێنەری شاری چابەهار لە مەجلیسێ ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە ئەو بیرە ئاوانە، زۆر پیسن و دەبنە هۆی نەخۆشییە ڕیخۆڵەیی و هەڵتاوینییەکان، لە ئاکامی بەکارهێنانی ئەو ئاوانە، دانیشتووانی ٣ هەزار گوندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان تووشی نەخۆشییە عەفوونییەکان بوونە.
بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم، ٧٩ لەسەدی دانیشتووانی شاری چابەهار لە خزمەتگوزاری ئاوی خواردەمەنی و خاوێن بێبەشن و بەگشتی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم لەو پارێزگایە بۆ چارەسەریی قەیرانی ئاو، ژیانی خەڵکی ئەو پارێزگایەی خستووەتە مەترسییەوە.
ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، جیا لەوەی کە ئاوی دەریای عومان شیرین بکات، هیچ ڕێکارێکی نییە؛ بەڵام بەکردەیی کردنی ئەو پرۆژەیە و گواستنەوەی ئاوی دەریای عومان بۆ شارەکانی ئەو پارێزگایە تەنیا دروشم بووە.
ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای سیاسەتی فاشیستییانە و سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران، بەئەنقەست گرنگی بە ژیانی خەڵکی سیستان و بەلووچستان نادات و ئەو پارێزگایە لە بێبەشترین پارێزگاکانی ئێرانە.