کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی لە بودجەی ساڵی داهاتوو پەسەند کرا

11:24 - 16 رەشەمه 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمە مەجلیسی ڕێژیم بە ١٩٤ دەنگی ئەرێنی لەگەڵ لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی.

بەپێی ئەو بڕیارە ڕێژیم نۆ میلیارد دۆلار کە دەبوایە بۆ هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکانی تەرخان کردبا دەتوانێت پاشکەوت بکات.

بە داوی ئەو بڕیارە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی لەسەر کاڵا بنەڕەتییەکانی وەک دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی داوایان کردووە ئەو کاڵایانە بە کۆپین هاوردە بکرێن.

بەرپرسانی کابینەی ڕەئیسی و بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیس لەسەر ئەو باوەڕەن کە لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی گەندەڵیی بەدواوە دەبێت و لەگەڵ شەکەست بەرەوڕوو دەبێتەوە. هەروەها بەشیک لەو کاڵایانەی کە پێشتر بە دراوی ٤٢٠٠ تمەنی هاوردە دەکران نرخیان ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

کابینەی ڕەئیسی سیاسەتی زیادکردنی یارانە و پێدانی کۆپین بۆ هاوردەکردنی کاڵا بنەڕەتییەکانی بە نرخی پەسەندکراوی ڕێژیم، وەک ڕێکارێک بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵاوسانی بەرهەمهاتوو لە لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی ڕەچآو کردووە.

پەسەندکرانی لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی لەسەر کاڵاکان لە حاڵێکدایە کە پێشتر کارناسانی بواری ئابووریی هۆشدارییان بە ڕێژیم دابوو هەڵاوسانی لە ڕادەبەدەر و قەیرانی ئابووریی بەدواوە دەبێت.

ئەو هۆشدارییانە لەکاتێک دابوونە کە بەپێی هەڵسەنگاندنی سەندووقی نێونەتەوەیی پارە، ئێران لە ساڵی ٩٩دا لە دوای وڵاتانی وێنێزۆئێلا، زیمباوە، سوودان، سوورینام و لوبنان بەرزترین هەڵاوسانی لە جیهاندا هەبووە.